بـەهـەڵـە مـامەڵـەکـردن لەکـاری بـەراووردکـاریـدا

دادوەر/ حسـێن محێـدین تەهماس

دادوەری بەرایی سـلێمانی / ٣



بەروار: چوارشەممە - ٠٨ / ئایار / ٢٠١٩



بـەهـەڵـە مـامەڵـەکـردن لەکـاری بـەراووردکـاریـدا (الـمضـاهاة)

  یەکێک لەهەڵە باوەکانی کاری دادوەری لەبواری دادوەریی شارستانی (القضاء المدني) بەهەردوو بەشی بەرایی وباری کەسێتیەوە، ناردنی کاری بەراووردکاری بەڵگەکانە بۆ نوسینگەکانی بەڵگەکانی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکانی پۆلیس. جا کاتێک لایەنێکی داوا بۆ سەلماندنی داواکەی یان (دەفعەکەی) بەڵگەیەک ئەخاتەڕوو بۆ دادگا وە کاتێک بەرامبەرەکەی نکوڵی ئەکات لەوەی ئەو واژۆیە یان ئەو پەنچەمۆرە وە یان نوسینەکەی سەر بەڵگەکە بۆ ئەو ناگەڕێتەوە و نکوڵی لە ڕاستی بەڵگەکە ئەکات، لەوێدا دادگا داوای سەلماندنی ڕاست ودروستی بەڵگەکە ئەکات لەو لایەنەی بەڵگەکەی خستوەتەڕوو، ئەمیش ئەڵێ بە بەراووردکاری ڕاستی واژۆکە یان پەنجەمۆرەکە وەیان نووسینەکەی سەر بەڵگەکە ئەسەلمێنم، وە بۆ ئەو مەبەستە داوا لەو لایەنەی ئەرکی سەلماندنی لەئەستۆدایە ئەکرێ پێوەری فەرمی بخاتەڕوو بۆ دادگا بۆ ئەوەی بەراووردکاریەکەی لەسەر بکرێ. وە بۆیشی هەیە ئەگەر پێوەری نەبوو داوای پێنوسینەوە (استکتاب) بکات..

  پاش ئەوەی پێوەرە فەرمیەکە یان پێنوسینەوەکە ئەخرێتەڕوو بۆ بەراووردکاری.. ئەوکاتە دادگا پێوەرە دەست خراوەکە ئەگەر پێوەری فەرمی بێ یان بە پێنوسینەوە وەرگیرا بێ، لەوێدا بەراوودکاری لەنێوان ئەو بەڵگەیەی خراوەتەڕوو بۆ سەلماندن لەگەڵ پێوەرەکەدا ئەکرێ بۆ ئەوەی بزانرێ هەردوو واژۆکە یان هەردوو پەنجەمۆرەکە یان هەردوو نوسینەکە لەیەک ئەچێت یان نەء..

  وە لەبەر ئەوەی ئەم کاری بەراووردکاریە کارێکی زانستی، هونەریە وبابەتێکی یاسایی نیە و مەرج نیە دادوەر بیزانێ، بۆیە یاسا بواری داوە بە دادوەر پەنا ببات بۆ شارەزای ئەو بوارە، واتە بۆ ئەو شارەزایانەی شارەزاییان هەیە لەکاری بەراووردکاری تایبەت بەم بابەتانە.. شارەزاکەیش هەڵئەسێ لەرێگەی ئامێری تایبەت بەو کارە کە واژۆکان یان پەنجە مۆر یان نوسینەکان، زۆر بەگەورەیی نیشان ئەدات وئەیخاتە سەر لا دیوارێک وسەرنجی ئەدرێ، پاشان بەپێی کۆمەڵە پێوەرێکی زانستی زانیاری ئەدەن لەسەر لێکچـوون ولێک نەچوونی ئەو بابەتانەی بۆیان خراوەتەڕوو. دادگاکانیش بۆیان هەیە پشت بەستوو بەڕاپۆرتی ئەو شارەزایانە بڕیار لەسەر بەسـەلمێنراو دانانی ئەو بەڵگەیە یان بەنەسـەلمێنراو دانانی بەڵگەکە بدەن..

  کرۆکی باسەکە ئەم پرسیارەیە: کێ هەڵئەسێ بەکاری بەراوورکاری ؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ساڵانێکی زۆرە وتا ئێستایس لەزۆربەی هەرە زۆری دادگاکانی بەرایی وباری کەسێتی پەیڕەو ئەکرێ بەم جۆرەیە کە دادگاکان ئەم کاری بەراوورکاریانە بەنوسراوێک ئەنێرن بۆ نوسینگەکانی بەڵگەکانی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکانی پۆلیس، ئەو نوسینگانەش هەڵئەسن بەکاری بەراوورکاری وڕاپۆرتی خۆیان ئەنووسنەوە و پاشان بەنوسراوێکی فەرمی ڕاپۆرتەکە ئەنێرێنەوە بۆ دادگای پەیوەندیدار..

  بە بۆچوونی من ناردنی کاری بەراووردکاری بۆ نوسینگەکانی بەڵگەکانی تاوان، ڕێکارێکی هەڵەیە ولەگەڵ یاسادا یەک ناگرێتەوە، لەبەر ئەم چەند هۆکارە:

یەکەم : نوسینگەکانی بەڵگەکانی تاوان (مکاتب الادلة الجنائیة) ئۆرگانێکی تایبەتمەندی دەزگای پۆلیسن بۆ لێکۆڵینەوە لەو شتە تاوان پێکراوانەی (المبرز الجرمي) کە لەتاوانێکدا لەشوێنی ڕووداوەکە یان لە تۆمەتبار یان لەهەر شوێن وهەر کەسێکی تر دەست ئەکەوێ ودەستی بەسەردا ئەگیرێ بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێ بۆ گەیشتن بەڕاستی ڕووداوەکە وزانینی تاوانبار بوون یان بێ تاوانی کەسێک یان دەرخەری هەر ڕاستیەکی تری پێویست لەکێشەکەدا.. واتە ئەم نوسینگانە تایبەتمەندن بە لێکۆڵینەوە لەکەیسە سزایەکانی دادگا سزاییەکان (المحاکم الجزائیة) وە هیچ پەیوەندیدار وتایبەتمەند نین بە کەیسە شارسـتانێـتەکانی دادگا شارستانێـتەکان (المحاکم المدنیة).

دووەم : هەر بەسەرنجدانی ناوە فەرمیەکەی ئەو نوسینگانە، یەکسەر ئاماژەی ئەوەیان لێ ئەخوێنرێتەوە کە نابێ لەکەیسە شارستانێـتەکاندا کار بکەن چونکە بەپاشگری (تاوان – الجنائیة) ناوی نوسینگەکە وەسف کراوە، واتە ئەم نوسینگانە تایبەتمەندن بە دیاری کراوی بەکەیسەکانی بواری تاوان وتاوانکاری وهیچ پەیوەندیەکیان نیە بەکارە شارستانێـتەکانەوە، پاشان کەیسەکانی کۆمەڵەی دادوەریی شارستانی، کەیسی تاوانکاری نین بۆ ئەوەی ئەو نوسینگانە کاری تیادا بکەن..

سـێیەم : کاری بەراووردکاری کاری شارەزایە (الخبیر)، شـارەزایـیـش (الخبرة) ئامڕازێکە لەئامڕازەکانی سەلماندن، هەروەک لەماددەکانی ١٣٢ تا ١٤٦ ی یاسای سەلماندنی ژمارە ١٠٧ ی ساڵی ١٩٧٩ دا باسکراوە. لەو دەقە یاساییانەدا بەهیچ شێوازێک نەوتراوە کە دەبێ بۆ بەراووردکاری شارەزایـی لە نوسینگەکانی بەڵگەکانی تاوان وەربگیرێ، بەڵکو ئەم دەقانە ڕیکاری دانانی شارەزای زۆر بەکورتی بەم شێوزاە داناوە کە ئەڵێ: شارەزایـی پرسە زانستی وهونەریەکان ئەگرێـتـەوە و ئەگەر بەپێویست زانرا پەنا ببرێ بۆ شارەزا ئەوا دادگا داوا لەهەردوو لای داوا ئەکات پێک بێن لەسەر هەڵبژاردنی شارەزا لەوانەی ناویان لەخشتەی شارەزایاندا هاتووە، خۆ ئەگەر ئەوان پێک نەهاتن ئەوا دادگا خۆی هەڵئەسێت بەدانانی شارەزا و هەمیشە ئەبێ ژمارەی شارەزا دانراوەکان بۆ پرسێک تاک بێ، واتە یەک شارەزا یان سێ یان پێبج یان حەوت وبەو جۆرە پاشان دەقە پەیوەندیدارەکان باسی ئەحکامەکانی تر شارەزا دەکات..

چوارەم : یاسای شارەزا دادوەریەکانی ساڵی ١٩٦٤ یش بەهەمان شێوە هیچ حوکمێکی تیادا نیە بەوەی نوسینگەکانی بەڵگەکانی تاوان وەک لایەنێکی شارەزایـی پسپۆر بۆیان هەبێ هەستن بە پێدانی شارەزایی لەبواری هونەری وزانستی بۆ دادگا شارستانێـتەکان..

پێنجەم : پرسی سەلماندن لەداوا شارستانێـتەکاندا جیاوازە لەپرسی سەلماندن لە داوا سزایـیەکان.. لەداوا شارستانێـتەکاندا لایەنی داواکار پابەندە بەسەلماندنی داواکاریەکانی و لە بەرامبەردا لایەنی داوالەسەرکراو پابەندە بەسەلماندنی (دەفعەکانی) و دەزگا فەرمیە حکومیەکان نابێ بەشێک بن لەو ڕکابەرێتیەی نێوان لایەنەکانی داوا شارستانێـتەکان، بەڵام داوا سزاییەکان سروشـتێکی جیاوازیان هەیە وپرسی سەلماندن لەم داوایانەدا پرسێکە دەزگاکانی لیکـۆڵیـنەوە کە دادگا وبنکەکانی پۆلیسن لێـی بەرپرسن، ئەوانن ئەبێ هەوڵی دۆزینەوەی بەڵگەکان بدەن چ بۆ (ئیـدانەکردن) یان بۆ بێ تاوان کردن وڕۆڵی لایەنەکانی داوای سزایی لەداوا سزاییەکاندا ڕۆڵێکی لاوەکی و هاوکارییـە. بەم پێیە پەنا بردن بۆ نوسینگەکانی بەڵگەکانی تاوان لە داوا سزاییەکاندا پێچەوانەی بنەمای سەرەکی یاسای سەلماندنە لەداوا شارستانێـتەکاندا کە دەڵێ سەلماندن لەسەر داواکارە ونکوڵیکار سـوێند ئەدرێ (البینة علی من ادعی و الیمین علی من انکر)..

شەشـەم : کاری بەراووردکاری کە کارێکی هونەری زانسـتیە تێچـووی خۆی هەیە. وە ئەم تێچـوونەیش لە برگە ٢ ی مادەی ١٦٦ ی یاسایی دادبینـیە شارستانێـتەکاندا باسی هاتووە و ئەخرێتە سەر ئەو لایەنەی داواکە ئەدۆڕێنـێ.. ئەی باشە ئەگەر دەزگایەکی حکومی هەڵسێ بەکاری بەراووردکـاری لەبەرامبەر ئەو کارەدا هیچ جۆرە پارە و رەسمێک لە لایەنەکانی داوا وەرئەگیرێ.؟.. بەپێـی زانیاریەکان بەپسـوولە هیچ جۆرە پارەیەک نادرێتە حکومەت بۆ ئە کارە، لەکاتێکدا ئەو کارە کارمەندی دەوڵەت لەکاتی دەوامی فەرمی وبەئامێـری دەوڵەت ئەنجام ئەدرێ..

حەتەم: لایەنەکانی داوا بۆیان هەیە رەخنەیان لەشارەزاکان هەبێ لەڕووی هەبوونی دۆسـتایەتی یان دۆژمنایەتی بۆ لایەکی داواکە وبۆیان هەیە داوای گۆرینیان بکەن بۆ ئەوەی شـارەزای تر دابنرێ، بەڵام لە نوسراو کردن بۆ نوسینگەی بەڵگەی تاوان ئەم مافە پەیڕەوی لێ ناکرێ وفەراهەم نایەت..

هەشتەم: لەکاری شارەزا دانان، ئەگەر شارەزایەک ڕاپۆرتی خۆی خستەروو، لایەنێکی داواکە ڕەخنەی هەبوو لەڕاپۆرتەکە وڕەخنەکەیشی ڕەوا بوو، ئەوکاتە دادگا ئەو شارەزایە وەلا دەنێ وپەنا ئەبا بۆ شارەزای تر ولە یەک شارەزاوە ئەیکات بەسێ و بە پێنچ وبە حەوت و بەردەوام بەو شـێوە، بەڵام لەناردنی کارەکە بۆ نوسینگەکان ئەم مافە فەراهەم نایەت وناکرێ وناشێ تانە بدرێ لە کاری فەرمانگەیەکی فەرمی حکومی وکارەکە بدرێ بەچەند فەرمانگەیەک بۆ ئەوەی پێکەوە بیکەن، هەرچەندە لەڕووی واقیعیەوە جاری وا هەبووە – بۆ نموونە – نوسینگەی بەڵگەکانی تاوان لەسلێمانی هەستاوە بەکاری بەراووردکاری، جا کاتێک لایەنێکی داواکە ڕازی نەبووە لەکاری شارەزاکە وڕەخنەی لێ هەبووە، بینراوە بڕیار دراوە بە ناردنی شارەزایـیەکە بۆ نوسینگەی بەڵگەکانی تاوان لەهەولێر.. ئەمە لەکاتێکدا ئەم ناردنە بۆ هەولێر هیچ پشـتگیریەکی یاسایی نیە وبەچی لۆژیکێک کاری نوسینگەی سلێمانی ڕەد ئەکرێتەوە وکار بە ڕاپۆرتەکەی نوسینگەکەی هەولێر دەکرێ بێ پشتگیریـی یاسایی.؟.. بەڵام وا دیارە تێکەڵیەکە لەم ناردنە لەسلێمانیەوە بۆ هەولێر بەهەڵە لە پرسی (تێـهەڵچـوونەوەی) ڕاپۆرتە پزیشکیەکانەوە سەرچاوەی گرتبێ، بەڵام ئەبێ ئەوە بزانرێ کە ئەم دوو پرسە دوو بابەتی لەیەکتر جیان، چونکە ڕاپۆرتە پزیشکیەکان پشتگیریی یاساییان هەیە کە دەنێردرێن، ئەوا بۆ پێداچـوونەوە دەنێردرێن، بەڵام ناردنی بابەتی بەراووردکاری تێهەڵچوونەوەی تیادا نیە وناردنەکەیشی پشتگیریی یاسایی نیە.

  لەبەر ئەو چەند هۆکارە وچەندین هۆکاری تر دیاردەی سپاردنی کاری بەراووردکاری بۆ کارە شارستانێـتەکان بە نوسینگەکانی بەڵگەکانی تاوان هیچ پشتگیریەکی یاسایی نیە و ئەو (بیست سی) ساڵەی کار بەو شێوازە کراوە تەنها وەک هەڵەیەکی باوی بەواقیعی بوو کراوە ولای لێ نەکراوەتەوە.. بۆیە ئەکرێ بەهیمەتی هەموو لایەک ئەم بارە لارە کە بووە بەواقیع  وچەقی بەستووە.. کار لەسەر نەهێلانی بکرێ وکارەکە بگێڕینەوە بۆ ڕێڕەوە یاساییەکەی خۆی بەوەی کاری بەراووردکاری واژۆ و پەنجەمۆر و نوسینەکان بۆ بەراووردکاری بسپێردرێن بە شارەزای بوارەکە وبوار بدرێ بەنوسینگەکانی بەڵگەکانی تاوان لەجیاتی ئەوەی سەرقاڵ ئەکرێن بەکارێکەوە کە کاری ئەوان نیە بوار بدرێن سەرقاڵی کاری سەرەکی خۆیان بن کە لێکۆڵینەوەیە لە کاری تاوانکاری..