دادگای باری کەسیەتی



بەروار: چوارشەممە - ٠٨ / ئایار / ٢٠١٩


دادگای باری کەسیەتی

دادگای باری کەسیەتی

دادگای باری کەسێتی بەیەکێک لە پێکھاتەی دادگا شارستانیەکان ئەژمار دەکرێت، ئەم دادگایە دادەمەزرێت لە ھەر شوێنێک دادگای بەرایی بوونی ھەبێت، دەکرێت بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان دادگایەکی باری کەسیەتی بۆ سەیرکردنی جۆرێک یان زیاتر لە داواکان دابمەزرێت.

ئەم دادگایە بە یەک دادوەر گرێ دەدرێت و بەپێی حوکمەکانی یاسا تایبەتمەندە بە سەیرکردنی بابەتەکانی باری کەسیەتی.

دادوەری دادگای بەرایی (موسڵمان) بە دادوەری دادگای باری کەسیەتی دادەنرێت ئەگەر ھاتوو دادوەری تایبەت نەبێت.

بابەتەکانی باری کەسیەتی:

ئەو بابەتانەی لەبەردەم دادگای باری کەسیەتی دەبینرێت ھەمە جۆرن و پەیوەستن بە خودی کەسەکان، ئەم بابەتانەش لەناو یاسا پەیڕەو کراوەکانی عێراق و بە تایبەتی یاسای باری کەسیەتی ژمارە (١٨٨) ی ساڵی (١٩٥٩) ئاماژەی پێدراوە و ھەندێکیان وردەکاری بابەتەکان و حوکمەکانی جێھێشتووە بۆ حوکمە فیقھیەکان لە شەریعەتی ئیسلام و ھەندێکی تریان لە نێوان یاسا کارپێکراوەکاندا جێی کراوەتەوە، بەتایبەت یاسای دادبینی شارستانی ژمارە (٨٣)ی ساڵی (١٩٦٩) و یاسای چاودرێری ناکامەکان ژمارە (٧٨)ی ساڵی (١٩٨٠) و یاسای باری شارستانی ژمارە (٦٥)ی ساڵی (١٩٧٢) و یاسای سزاکان بە ژمارە (١١١)ی ساڵی (١٩٦٩) و یاسای مافی نیشتەجێبون و مانەوەی ژنی تەڵاقدراو لە ماڵی ھاوسەری ژمارە (٧٧)ی ساڵی (١٩٨٣) و یاسای تۆمارکردنی لەدایکبون و مردوان ژمارە (١٤٨)ی ساڵی (١٩٧١) و یاسای باری کەسیەتی بیانیەکان بە ژمارە (٧٨)ی ساڵی (١٩٣١)و یاسای ونبوەکان لە ھەڵمەتەکانی لەناوبردنی بە کۆمەڵی گەلی کوردستان بە ژمارە (٣)ی ساڵی (١٩٩٩)و چەندین یاسا و بڕیاری تر کە ئاماژە دەدەن بە بابەتەکانی باری کەسیەتی.

بەشێوەیەکی گشتی بابەتەکانی بەردەم دادگاکانی باری کەسیەتی کە لە چوار چێوەی  تایبەتمەندیدا دەبینرێت خۆی دەبینێتەوە لە:

١- بابەتی وەقفی خێرخوازی یان ھاوبەشی و دانان و لێپرسینەوە و لادانی کەسی سەرپەرشتیار لەسەر وەقف.

٢- بابەتی سەرپەرشتیاری و سەرکار و ماڵپارێز و ڕاسپاردن و لێپرسینەوەیان.

٣- ھاوسەرگیری و ھەر کاروبارێک کە پەیوەست بێت بە ھاوسەرگیری لە مارەیی و بژێوی و ڕەچەڵەک و ئامێزگیری و دایەنی و جیابونەوە و تەڵاق و کاروبارە ھاوسەرییەکان.

٤- دەستەڵات بەند کردن و ھەڵگرتنی دەستەڵات بەندی و سەلماندنی لێھاتوویی.

٥- سەلماندنی مردن و میراتگری و دیاری کردنی پشکەکانی میراتی لەبەشنامەی شەرعی و دابەشکردنیان لە نێوان میراتگراندا.

٦- ونبون و ھەر کاروبارێکی پەیوەست بە کەسی ونبوو.

٧- دیاری کردن و ئەژمارکردنی کەسەکان بە شەھید و دەست نیشان کردنی میراتگریان و جێگیر کردنی ماف و ئیمتیازاتیان.

٨- بینین و مانەوەی مناڵ لای دایک و باوک.

٩- ڕێگەدان بە دەرکردنی پاسپۆرت بۆ مناڵانی خوار تەمەنی (١٨) ساڵ.

ڕێکارەکانی دادگای باری کەسیەتی.

دادگای باری کەسیەتی ھاوشێوەی دادگای بەرایی لە ڕوی رێکار و ڕێوشوێنەکان بۆ سەیرکردنی ئەو بابەتانەی لە بەردەمیدان پابەندە بە یاسا کارپێکراوەکانی بواری ڕێکاری و سەلماندن، ھەر بۆیە یاسای باری کەسیەتی و یاسای دادبینی شارستانی و  یاسای سەلماندن و یاسای تۆمارکردنی لەدایکبوان و مردوان و یاسایی پارێزەرایەتی و یاسای چاودێری ناکامەکان لەو یاسایانەن کە ئەم دادگایە لە بینین و بڕیاردان لە بابەتەکانی بەردەمیدا پشتی پێ دەبەستێت.

دادگای باری کەسیەتی لە ڕێگەی تۆمارکردنی داوا یان داواکاری بەڵگەنامە یان داواکاری ڕێگەپێدان و لە چوارچێوەی مادەکانی (٤٤، ٤٦، ٤٨، ٤٩، ٦٦، ١٤١، ١٥٠، ١٥١، ١٥٢، ١٥٣) لە یاسای دادبینی شارستانی سەیری بابەتەکانی دەکات.

تانەدان لە بڕیارەکان:

دادگای باری کەسێتی پاش دەرکردنی بڕیار لەو بابەتانەی کە دەکەوێتە چوارچێوەی تایبەتمەندی، بڕیارەکانی ملکەچی ڕێگا یاساییەکانی تانەدان دەبێت کە لە مادەی (١٦٨)ی یاسای دادبینیدا ئاماژەی پێدراو.

جگە لە ڕێگە تانەی تێھەڵچونەوە (الاستئناف) کە بڕیاری دادگای باری کەسێتی ملکەچی ئەم ڕێگاتانەیە نابێت.

ماوەی تانەدان لە بڕیاری دادگای باری کەسێتی (١٠) ڕۆژە لەو بڕیارانەی کە بە ئامادەیی یان نائامادەیی دەرچوون، وە ماوەی تانەدان لەو بڕیارانەی کە شیاوی سەرلەنوێ دادبینییە (اعادە المحاکمە) تەنھا (١٥) ڕۆژە، تانەدان لە بڕیارەکان یان لە بەردەم خودی داداکای باری کەسێتی یان لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم دەبێت.

تانەدان لە بڕیارەکانی دادگای باری کەسێتی کە لەمادەی (٢١٦)ی یاسای دادبینی شارستانیدا ئاماژەی پێدراوە لەبەردەم دادگاکانی پێداچوونەوە دەبێت لە ماوەی (٧) رۆژدا.

سروشتی بابەتەکانی دادگاکانی باری کەسیەتی:

بەو پێیەی بابەتەکانی باری کەسێتی بەشێکیان پەیوەستە بە حەڵاڵ و حەرام بۆیە ڕێکار و سەلماندن لەوبابەتانەدا جیاوازە لە بابەتەکانی تر.