ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٤/١/٢ بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی وەک سەرۆکی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی دەستی لەکارهەڵگرت و وەک ئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دەستبەکاردەبێت.
بەڕێزیان لە ٢٠١٨/٨/٦ وەک سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی دەستبەرکاربووە تا ٢٠٢٤/١/٢، سەرەڕای قەیرانی دارایی و کەمی ژمارەی دادوەر و فەرمانبەر لەماوەی سەرۆکایەتی بەڕێزیان گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوونی زۆر لە زۆر ڕووەوە بەسەر سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانیدا هاتووە لە گرنگترینیان:
- داڕشتنەوەی پەیکەری کارگێڕی و میلاکاتی فەرمانبەران، بە جۆرێک کە گونجاوبێت لەگەڵ دۆخی دادگاکان و پێداویستی هاووڵاتیاندا.
- کەمکردنەوەی ڕۆتین و ئاسانکردنی ڕێکارەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکان و زوتر یەکلاییکردنەوەی داواکان.
- کردنەوەی چەندین دادگای نوێ بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان لەگرنگترینیان:
زیادکردنی (٥)دادگا بۆ دادگای باری کەسیەتی سلێمانی.
زیادکردنی (٣) دادگا بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی.
زیادکردنی (٢) دادگا بۆ دادگای کەتنی سلێمانی.
کردنەوەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش تایبەت بە تاوانە ئەلکترۆنییەکان.
- پەرەپێدان و چارەسەرکردنی کێشەکانی سیستمی ئەلکترۆنی دادگاـ بەجۆرێک کە لە ئێستادا بە ڕێکو پێکی لە زۆربەی دادگاکاندا کاری پێدەکرێـت.
- باشترکردنی پەیوەندی نێوان بەڕێزان دادوەران و فەرمانبەران و پارێزەران.
- بۆ کەمکردنەوەی لۆدی سەر دادگای تاوانەکانی سلێمانی، پێشنیاری کردنەوەی دادگای تاوانەکانی هەڵەبجە و ڕاپەڕین کردوە.
- پێشنیاری کردنەوەی دادگا لە هەریەکە لە (عەربەت و ماوەت و خورماڵ و قەرەداخ و بازیان) کردوە، بەهۆی قەیرانی دارایی و کەمی فەرمانبەر و نەبوونی شوێنی پێویست نەکراوە.
- دابینکردنی زەوی و تەواوکردنی نەخشەی تەواو بۆ دروستکردنی بینایەکی نوێ بۆ دادگاکانی لێکۆڵینەوەی سلێمانی لە ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی.
- دروستکردنی پەیوەندی پتەو و فراوان لە نێوان دادگا و فەرمانگەکانی تری حکومەت و فروانکردنی هەماهەنگی نێوانیان.
- داهێنانی سیستمی یەکپۆشی فەرمانبەران بۆ یەکەمجار و وەک یەکەمین دادگا لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق.
- گۆڕینی سیستمی دادوەری ئیشکگر، کە لە جێی یەک دادوەری ئیشکگر سەرجەم دادوەران لە سنوری خۆیان ئیشکگر دەبن، ئەمەش یەکەمجارە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و دوای پەیڕەوكردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ سەركەوتوو بووە.
- گرنگیدان بە پاک و خاوێنی و ژمارەکردنی سەرجەم نهۆم و ژوورەکانی دادگا و دانانی تابلۆی تایبەت بۆیان، بۆ زیاتر کارئاسانیکردن بۆ هاووڵاتیان.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٠٢٤/١/٢ پاش سەردانیکردنی سەرجەم دادوەران و فەرمانبەران وەک ماڵئاوایی کردن و دەربڕینی سوپاس و پێزانین لەپای دڵسۆزیان و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و بەڕێکردنی ئیشوکارەکانیان بەشێوەیەكی رێكوپێك سەرەڕای بوونی قەیرانەكان و كەمی موچە، دەستی لەكار هەڵگرت و بەرێز دادوەر (عومەر ئەحمەد محەمەد)ی راسپارد بۆ جێبەجێكردنی كارەكانی وەك سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بە وەكالەت.
شایەنی باسە بەرێزیان حەوتەم سەرۆکی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بوو لە پاش هەریەکە لە بەڕێزان دادوەران (لطیف طه محمود، عبدالکریم حیدر علی، کمال مصطفی قادر، محمد محی الدین أحمد، عثمان قادر محمد، لطیف عثمان شریف).