سەرۆکی دادگا و بەرێوەبەری فەرمانگەی داواکاری گشتی سەردانی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە و بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانیان کرد



بەروار: سێ شەممە - ٢٧ / شوبات / ٢٠٢٤


سەرۆکی دادگا و بەرێوەبەری فەرمانگەی داواکاری گشتی سەردانی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە و بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانیان کرد

ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٤/٢/٢٦ بەڕێز دادوەر (عمر أحمد محمد) سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بەیاوەری بەڕێز (مهدی رشید فرج) بەڕێوەبەری فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی سەردانی هەریەك لە بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی و چاکسازی گەورانی سلێمانی كرد.

سەرەتا بەسەردانی بەشی گرتن و گواستنەوە دەستی پێكرد و لەدیدارێکدا لەگەڵ بەڕێزان بەڕێوەبەر و ئەفسەرانی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە و بەڕێز ئەندامی داواکاری گشتی لە بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی، باس لەکێشەو گرفتەکانی ڕاگیراوان و دۆخی ژیانیان کرا و، دواتر بەمەیدانی شوێنی مانەوەی ڕاگیراوان و جێگای ئامادەکردنی خواردن و خەوتنیانی بەسەرکردەوە و، لەنزیکەوە گوێی بۆ کێشەو گرفتەکانیان گرت، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە ماوەیەکی زۆرە ڕاگیراون و تا ئێستا چارەنوسیان یەکلانەکراوەتەوە، دواتر لەگەڵ بەڕێز بەرێوەبەری بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە، بەشی ژنانی ڕاگیراوی لەهەمان شوێن بەسەرکردەوە و لەدۆخ و گوزەرانیانی پرسی و، بەڕێزیان بڕیاریاندا بە ئەنجامدانی بەدواچوونی تەواو بۆ دۆسیەکانیان و ڕایگەیاند کە هەرکارێک لە توانا و دەسەڵاتی ئەوان بێت دەیکەن بۆ چارەسەری ئەو کێشانە و باشترکردنی دۆخی ڕاگیراوان.

دواتر بەڕێز سەرۆکی دادگا و شاندی یاوەری سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانیان کرد و لەگەڵ بەڕێزان بەرێوەبەری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و ئەندامی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەری بەشی یاسا لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی سلێمانی کۆبووەوە.

لەدیدارێکدا باس لە کێشە و گرفتەکانی زیندانیان و بەڕێوەبەرایەتییەکە بەگشتی کرا و، بەرێز سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە پێویستە هەمیشە هەمووان بەدوای میکانیزمی نوێ و گونجاوتردا بگەڕێین بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان.

لەکۆتاییدا بەرپرسانی هەردوو فەرمانگەکە پاش دەربڕینی خۆشحاڵی خۆیان، سوپاسی بەرێز سەرۆکی دادگایانکرد بۆ سەردانەکە و بەدواداچوونی کێشەکانیان و داوایانکرد هەوڵبدرێت ئەم جۆرە سەردانانە بەردەوام بن.