لەنێـوان واقـیـع و دەقـدا...

دادوەر/ حسـێن محێـدێن تە‌همـاس

دادوەری دادگـای بەرایی سلێمانی/٣



بەروار: چوارشەممە - ٠٨ / ئایار / ٢٠١٩



دادوەر/ حسـێن محێـدێن تە‌همـاس
دادوەری دادگـای بەرایی سلێمانی/٣

دەق، نەخشە ڕێگا بێ لەکارەکاندا یان واقیع بەردیدە بگیرێ..؟ پرسێکی کۆن ونوێ وپڕ کێشمەکێش(جدل)ی نەبڕاوەیە، ئەم پرسە نەک تەنها لەکاری دادوەریدا بەڵکو لەبوارەکانی تریشدا هەر جێگەی (جەدەلە).. بەتایبەتی لەپرسی ڕاڤەکردن وپیادەکردنی دەقە ئاینـیەکاندا.. بۆیە ئەوەندەی پەیوەندی بەپرسە دادوەریەکەوە هەیە جێگای خۆیەتی ئاوڕی لێ بدرێتەوە چەند ووشەیەکی لەسەر بووترێ..


ئەم بابەتە لەوێوە قسەوباس هەڵ ئەگرێ هەندێکجار لەکاری دادوەریدا لەبەر کۆمەڵە هۆکارێک لەجێبەجێکردنی دەقدا تووشی یەکێک دوو بژاردەیە ئەبین، ئەبێ یەکێکیان هەڵبژێرین؛ ئایا دەقەکە لەگەڵ واقیعدا بگـونجێـنین یان نا دەقەکە وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ و واقیعەکە بهێـنرێ بۆ لای دەقەکە..؟


لەیاساکاندا حوکمێک نیە واقیعی کۆمەڵگای کردبێتە بنەما وهۆکار بۆ لادان لەدەق وکار بەواقیعی کۆمەڵگا کردن، بگرە بەپێـچەوانەوە یاسا پەیوەندیدارەکان هەمیشە جەخت لەوە ئەکەنەوە کە ئەبێ کار بەدەقەکان بکرێ، نەک بە(واقیع) و(ئەمـری واقیـع)، هەروەک لەدەقی مادەی یەکی یاسای سزادانی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩دا هاتووە -کە سەرچاوەی سەرجەم یاسا سزایەکانە- ئەو مادەیە ئەڵێ هەر تاوان وسزایەک بەدەق ڕێکخراوە ونابێ لەدەرەوەی دەقەکان کار بەهیچ شتێکی تر بکرێ بۆ دیاریکردنی تاوان وسزاکەی.. هەروەها لەمادەی یەکی یاسای شارستانی ژمارە ٤٠ ی ساڵی ١٩٥١دا هاتووە -کە سەرچاوەی سەرجەم یاسا شارستانێـتیەکانە- ئەڵێ سەرچاوەی یەکەمی کارکردنی دادگـاکان دەقە یاسایـیەکانە، ئەگەر دەق نەبوو کار بە(داب ونەریت) ئەکرێ.. بەم پێـیە ئەبینرێ واقیعی کۆمەڵگا لەهەردوو کۆمەڵە یاساکەدا بەردیدە نەگیراوە، کەچی کار بەواقیعی کۆمەڵگا کردن ئێستا لێرەوە لەوێ لەهەندێک لەبڕیارەکاندا هەستی پێ ئەکرێ.


بۆیە لەژێر سایەی بە(ئەمـری واقیـع) بوون ناکرێ لەدەقەکان لا بدەین، چونکە ئەم لادانە پێچەوانەی خودی یاساکەیە، خۆ ئەگەر (ئەمرێکی واقیع) بەپێویست زانرا وداخوازی هەبوو پیادە بکرێ، ئەوا ئەکرێ ئەو (ئەمرە واقیعە) بکرێتە دەقێکی یاسایی لەلایەن یاسا دانەرەوە (ئەمرە واقیعەکە) بەرگی یاسایی بکرێ بەبەردا.
کارکردن لەسەر (واقیع) و(ئەمـری واقیـع) بەرەو هەڵدێری یاساییمان ئەبات، پاشاگەردانی لەپیادەکردنی یاسادا دروست ئەکات وئەوکاتە تووشی جۆرێک لەسـەرلێـشـێـوان و ئاڵۆزی ئەبین،

 

بۆ نموونە جاری وا هەیە لەنێوان دوو دادگـای لەتەنیشت یەکی هاوشـێوە لەکار کە تەنها دیوارێکیان لەنێواندایە، ئەمیان ئاراستەیەکی هەیە وئەشێ واقیعەکە لەبەرچاو بگرێ دەقەکە بەقوربانی بکات، ئەوی تریشیان پەیوەستە بەدەقەکەوە وەک خۆی لێی لا نادات و (ئەمرە واقیعەکە) لەڕێکارەکانی و لەبڕیارەکانیدا ڕەنگ ناداتەوە.. بۆیە ئەکرێ لەمەدا لایەنی پەیوەندیدار کە خۆی لەدادگـاکان ودادگـاکانی تەمییز وسەرپەرشتیارانی دادوەریدا ئەبینـێتەوە ئاگاداری ئەم لایەنە بن وڕێگری لەم حاڵەتە بکەن بۆ ئەوەی نەبێـتە دیارەدیەکی بەرچاو.


ناکرێ بڵـێـین واقیعەکە وا ئەخوازێ و ئەبێ لەگەڵیدا بڕۆین و لەئەحکامی دەقەکان لا بدەین بۆ (خاتری واقیعەکە)، چونکە لەواقیعدا دەیان کرداری تاوانکاری هەن لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئایینیەوە تاوانی هەرە گەورەن کەچی یاسادانەر هەمان تێڕوانینی کومەڵگای بۆ ئەو جۆرە تاوانانە نیە.. لەبەر ئەوە نابێ حوکمی دەقەکان پشت گوێ بخرێ بەبیانووی ئەوەی ئەم تاوانە یان ئەم ڕەفتارە پێـچەوانەی واقیعی کۆمەڵایەتیە..

 

هەر لەبەر ئەوەیە ئەبێ لایەنی پەیوەندیدار دەقەکە جێبەجێ بکات وبڵنـدگـۆی ڕاگەیاندنی دەقەکان بێ وەک خۆی نەک بەپێچەوانەی دەقەکانەوە واقیعەکە بەردیـدە بگرێ جا ئەگەر ڕامیاری، ئابووری، کۆمەڵایەتی یان هەر بوارێکی تر بێ، نابێ ئەوانە لەبەرچاو بگرێ ودەقەکان وەلا بنرێ.. ئەمەش بۆ ئەوەی یەک ئاوازی ویەک ئاراستەیی لەکارە دادوەریەکاندا دروست بێ و فرە ئاوازیی وفرە ئاراستەیی وەلا بنرێ، ئەگینا جۆرێک لەپاشا گەردانی لەبوارەکەدا دێتە بوون.


دەیان نموونە هەن لەسەر ئەم حاڵەتانە، بەڵام لێرەدا تەنها ئاماژە بەچەند نموونەیەکی کەم ئەدەین، لەوانە:
١ : ئاگادارکردنەوەی ئەوانەی لەدەرەوەی وڵاتن ودەیان ساڵە لەم ووڵاتەدا نەماون وڕێژەیەکی بەرچاویان ڕەگەزنامەی هەندێ ووڵاتی ئەوروپـییـان هەیە، یان مافی نیشـتەجێبوونی ئەو ووڵاتانەیان پێدراوە وەیان هێشتا لەدۆخی پەنابەرێتی دان وکەیسـیان پێشکەش کردووە.

ئەم جۆرە کەسانە سەرباری ئەوەی دەیان ساڵە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان نین ئەم هەرێمەیان بەجێ هێـڵاوە، کەچی ئاگادارکردنەوەیان بۆ ئەنێردرێ بۆ ئەو دوا شوێنەی کە دەیان ساڵە جێیان هێڵاوە یان بۆ ماڵی باوک وکەسوکاریان ودواتر ئەکرێن بەشـوێن نادیـار (مجهول محل الاقامة) پاشان لەهەندێ ڕۆژنامەدا کە مەودای بڵاوکردنەوەیان چەند شەقام وگەڕەکێک یان بەلای زۆرەوە سنوری شارێک تێپەڕ ناکات ولەوانیە ئەو جۆرە ڕۆژنامانە تەنها بگاتە چەند سەد کەسێک، لەو ڕۆژنامانەدا ئاگادارکردنەوەیان بۆ بڵاو ئەکرێتەوە، پاشان ئەو ئاگادارکردنەوەی لەو ڕۆژنامانەدا ئەکرێتە بنەما بۆ ئەوەی گوایە داوالەسەرکراوەکە ئاگادارکراوەتەوە لەکاتێکدا کە لەساڵی ١٩٦٩ دا ئەو دەقەی بۆ ئاگادارکردنەوە دانراوە لەرێگەی رۆژنامەوە بۆ بارودۆخ و بۆ ڕۆژگارێکی سەد لەسەد جیاوازی لەم ڕۆژگارە بووە، پاشان ڕۆژنامەکان لەو سەردەمەدا یەکێک بوون لەئامڕازە هەرە بەهێزەکانی گەیاندن بەهەموو ووڵاتدا بڵاو ئەکرانەوە ملیۆنان خوێنەریان هەبووە، هەروەها ئەم دیارەدەی بۆ دەرەوەی وڵات ڕۆیشتنەش لەو کاتەدا بەم شێوازە نەبووە، خەڵک دەرفەتی ئەو هەڵهـاتنەی نەبووە کە ئێستا هەیە،

سەرباری ئەوانە کارکردن بەئاگادارکردنەوەی ڕۆژنامە بەم ڕێکارەش نەبووە، بەڵکو کابرا لەکاتی تۆمارکردنی داوا لەسەری لەشوێنەکەی خۆی بووە پاشان لەو شوێنە نەماوە بەڵام هەر لەووڵاتدا بووە وتوانراوە لەڕێگەی ڕۆژنامەوە ئاگادار بکرێتەوە.. کەچی ئێستا بەداخەوە لێرەو لەوێ (سوء استفادة) لەم پرسە ئەکرێ وئاگادارکردنەوەی نیشتەجێبوەکانی دەرەوەی ووڵات بە(ئەمری واقیـع) کراوە بەم شێوازەی باسکرا..

لەکاتێکدا ڕێڕەوی دروست ویاسایی ئەوەیە کە ئەبێ بەپێی مادەی ٢٣ ی یاسای دادبینـیە شارستانێـتەکان داواکار ناونیشانی تەواوی داوالەسەرکراوەکە بدات بەدادگا بۆ ئەوەی دادگا لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق یان لەڕێگەی نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێمەوە ئەو کەسە ئاگادار بکاتەوە.. (خوا یار بێ ئەم باسە بەدرێژتر لەهەموو ڕووەکانیەوە لەکاتێکی تردا باس ئەکەم.)


٢ : ناردنی کاری بەراووردکاری بەڵگەکان بۆ نوسینگەکانی بەڵگەکانی تاوانی سەر بەبەڕێوەبەرایەتیەکانی پۆلیس بەبۆچـوونی من ڕێکارێکی هەڵەیە ولەگەڵ یاسادا یەک ناگرێتەوە، چونکە نوسینگەکانی بەڵگەکانی تاوان ئۆرگانی تایبەتمەندی دەزگای پۆلیسن بۆ لێکۆڵینەوە لەو شتە تاوان پێکراوانەی (المبرز الجرمي) کە لەتاوانێکدا لەشوێنی ڕووداوەکەدا ئەدۆزرێنەوە.. واتە ئەم نوسینگانە تایبەتمەندن بەلێکۆڵینەوە لەکەیسە سزایەکانی دادگا سزاییەکاندا هیچ پەیوەندیدار وتایبەتمەند نین بەکەیسە شارسـتانێـتەکانی دادگا شارستانێـتەکان چونکە هەر بەسەرنجدانی ناوە فەرمیەکەی ئەو نوسینگانە، یەکسەر ئاماژەی ئەوەیان لێ ئەخوێنرێتەوە کە نابێ لەکەیسە شارستانێـتەکاندا کار بکەن چونکە بەپاشگری (تاوان) ناوی نوسینگەکە وەسف کراوە،

واتە ئەم نوسینگانە تایبەتمەندن بەدیاریکراوی بەکەیسەکانی بواری تاوان وتاوانکاری هیچ پەیوەندیەکیان نیە بەکارە شارستانێـتەکانەوە، ئەم دیارەدەیە هیچ پشـتگیریەکی یاسایی نیە و ئەو (بیست سـی) ساڵەی کار بەو شـێوازە کراوە تەنها وەک هەڵەیەکی باوی بەواقیعی بوو کراوە و بەداخەوە لای لێ نەکراوەتەوە.. (بەدرێژەی ئەم بابەتەم پێشتر باس کردووە وهەر لەم سایتەدا دابەزێنراوە.)


٣ : لەداواکانی پەیوەندیدار بەکێشەکانی زەویوزار وخانووبەرە، وە بۆ پێداویستی ئەو جۆرە داوایانە لەهەندێک داوادا وا پێویست ئەکات دادگاکان پەنا ببەن بۆ ڕوپێوکارەکان لەفەرمانگەکانی خانووبەرە یان لەشارەوانیەکان یان لەفەرمانگەکانی کشتوکاڵ بەمەبەستی کاری ڕێنوێنـی کردنی دادگاکان بۆ سەر ئەو خانووبەرانە،

ئەمەش بەو شێوازە ئەبێ کە دادگاکان بەنوسراوێکی فەرمی داوا لەو فەرمانگانە دەکەن ڕوپیوکاریان بۆ دابین بکەن بۆ هەستان بەو ڕێکارەی دادگا بڕیاری تیادا داوە، هەندێکجار ئەو فەرمانگانە بەنوسراوی فەرمی وەڵام ئەدەنەوە وڕوپێوکار دیاری ئەکەن و ئەینێرن بۆ دادگاکان بۆ ئەو مەبەستانە.. هاتنی ئەو ڕوپێوکارانە بۆ ئەو جۆرە کارانە لەچوارچێوەی کاری فەرمی خۆیاندایە ونابێ لەبەرامبەر هەستان بەو کارە هیـچ جۆرە پارەیەک بۆ (شەخصی) خۆیان خەرج بکرێ ، کەچی ئەوەی کە بووە بەباو بەپێچەوانەی یاساوە پارەیەک کە زۆربەی جارەکان لەبیست هەزار دینارێک کەمتر نیە و تا سەد هەزارێک یان هەندێکجار زیاتریش ئەدرێ بەو ڕوپێوکارەی بەو کارە هەڵئەسێ.. ئەمە دیاردەیەکی هەرە زەقە لەئاستێکی بەرفراوان لەهەموو عێراق و لەکوردستان دا دەکرێ وبووە بەکارێکی (شـەرعێـنـراو) کەچی ئەوەندەی من شارەزاییـم هەبێ ئەم کارە هیچ پشتگیریەکی یاسـایی نیە.. (دواتر خوا یار بێ باسێک لەسەر ئەم دیاردەیە بەدوور ودرێژی لەهەموو ڕەهەندەکانیەوە دەخەمەڕوو.)


٤ : بەش بەش کردنی داوا لەژێر ناوی داوای لەپاڵ کە بووە بەدیاردەیەکی هەرە زەقی نێو کایەی کاری دادوەری بەقەتیس کراوی لەبەشە شارسـتانێـتیەکەدا وە بەڕێژەیەکی هەرە دیار لەدادگا بەراییـەکاندا لەژێر ناوی داوا تۆمارکردن بەبەشێکی کەمی مافەکە ودواخستنی داواکردنی بەشە زۆرەکەی ئەو مافە بۆ داوایەکی تر.. ئەم شێوازە لەداوا تۆمارکردن هیچ پشـتگیریەکی یاسایی نیە و ڕێکـارێکە بەهەڵە خزێنـراوەتە نێو کاری دادوەریەوە وە بووە بە(ئەمـری واقیـع) لەکاتێکدا ئەم (ئەمەرە واقیعە) هیـچ دەقێکی یاسایی لەهیچ یاسایەکدا پشتگیری ناکات.. ئێستا لەپیادەکردنی کاری دادوەری لەبەشە شارستانێـتەکەی ڕۆژانە دووبارە بوونەوەی دیاردەی بەبەش بەش تۆمارکردنی داوا دیاردەیەکی باوی نێو کایەی دادوەریە..

بەبڕوای من ئەمەی لەدادگاکاندا پیادە ئەکرێن بەناوی (داوای لەپاڵ ـ الدعوی الحادثة) داوای لەپاڵ نیە، بەڵکو بەش بەش کردنی داواکردنی مافە و لەژێر ناوی داوای لەپاڵدا ناوزەد ئەکرێ.. ( پێشتر هەر لەم سایتە هەندێک تیشکم خستۆتە سەر ئەم بابەتە.)


کۆمەڵە هۆکارێک لەپشت دروست بوون و سەهەڵدانی ئەم کێشـەیەوەن، لەوانە:
یەکەم :
نەبوونی دەستوور کە بەدایک وسەرچاوەی یاساکان دائەنرێ.. هەبوونی دەستوور وا ئەکا سەرجەم یاسا پەیڕەو کراوەکان هاو تەریب و هاو ئاراستەی دەستوور بن. یەکگرتـوویی و هاوتەریبـی وهـاوئاوازی لەگەڵ دەقە یاساییەکاندا بەدی بێ و بواری (ئیـجتیـهاد)ی لابەلا و لەبەرچاو گرتنی واقیع وەلا بنرێ..


دووەم : (ئیـجتیـهاد)کردن لەدەقدا، ئەمەیان هۆکارە هەرە سەرەکیەکەیە.. جاری وا هەیە دەقەکە زۆر ڕوون وئاشکرایە هیچ (ئیـجتیـهاد) کردنێک هەڵناگرێ کەچی (ئیـجتیـهاد) لەو دەقەدا ئەکرێ بەپێچەوانەی ئەو مەبەستەی دەقەکەی بۆی دانراوە پیادە ئەکرێ، ئەمەش لەم دواییانەدا هەندێ بەزەقی ئەبینرا بەتایبەتی لەجێبەجێ کردنی دوا یاسای هەموار کردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٥ ی ساڵی ٢٠٠٨ کە هەندێک جەدەلی لێ کەوتەوە.


سـێـیەم : وورد نەبوونەوە و بەڕێخستنی پرۆژەکانی یاسا وتێـپەڕ نەبوونی پرۆژەی یاساکان بەهەندێک ڕێـڕەوی ناوەنـدەکانی لێکـۆڵینەوەدا. پاشان دەنگ لەسەر دانی، ئەمەش وا ئەکا هەندێک لەیاسا دەرکراوەکان هەندێک کرچ وکاڵی پێوە دیار بێ وبواری (ئیـجتیـهاد) کردن لەدەقەکانیدا بکاتەوە.


چوارەم : سەرقاڵ بوونی لایەنی یاسا دانەر بەهەندێک یاسای لاوەکی و نا پێویست کە شیاوی جێبەجێ کردن نین و پەکخستنی دەیان پرۆژەی یاسای پێویست لەو جۆرە یاسایانەی کە بوارێکی گرنگی ژیان ڕێک دەخات.


پێنجەم : نەگونجانی دەق لەگەڵ واقیعدا.. ئەمەش لەبەر ئەوەی هەندێك یاسا هەن یان زۆر کۆنن وە یان فریای پێداویسـتیەکانی ئەو بوار و ئەو کۆمەڵگایە ناکەون کە ئەو یاسایەی بۆ دانراوە، یان یاسایەکی کۆپی کراوی کۆمەڵگایەکی ترە و هێنراوە وەک خۆی دائەبەزێـنرێ و تەنها ژمارەی وڵاتەکەی تری لێ ئەکرێتەوە، وە لەبەر ئەوەی یاسا بۆ کۆمەڵگەیەکی تری جیاواز لەکۆمەڵگەی دووەم دانراوە، ئەمە وا ئەکا بواری گەڕانەوە بۆ واقیعی کومەڵگای تیادا ڕەچاو نەکرێ وبواری (ئیـجتیـهاد) بکاتەوە..


شەشەم : کەمبـوون ونەبـوونی یاسا (نەقصـی تەشـریعی)، ئەمەش هۆکارێکی تری پەنا بردنە بۆ لەبەر چاوگرتنی ئەمـری واقیـع لەکاتێکدا ئەم نەبوونی یاسایە دەزگاکانی یاسادانان لێی بەرپرسن، نەک دادکاگان، چونکە دادگـاکان لایەنی یاسا دانان نین، بەڵکو دەزگای جێبەجێ کردنی دەقەکانن..
تێـڕوانیـمان بۆ ئەم کێشەیە بەو شێوازەیە کە ئەمە بارێکی نالەبارە و دادگـاکان ئەبێ بڵندگۆی ڕاگەیاندنی دەقە یاساییەکان بن و نەبنە بڵند گۆی وێنا کردنی خواستە واقیعیەکان..

 

بۆیە رێگا چارە ئەوەیە کە:
یەک : دادگـاکانی تەمییز بەجدی گرنگی بەم بابەتە بدەن ولای لێ بکەنەوە وهەوڵی تەواو بدەن بۆ ئەوەی ئاراستەی دادگـاکان بگێڕدرێتەوە بۆ ڕاستە شەقامی دەقەکان و دوور کەوتنەوە لەڕێچکەکانی تری پرسە واقیعیەکان، بنەما دادوەریەکان بەو شێوازە دابژرێن کە بەتەواوی هەڵقوڵاوی دەقە یاساییەکان بن، نەک واقیعە خوازراوەکان.


دوو : دەسڵاتی یاسادانانەکان هەڵسن بەکاری یاسادانانی خۆیان وگرنگی بدەن بەو یاسایانەی پێویستی ئەمڕۆی کۆمەڵگاکانیانن، خۆیان دوور بخەنەوە لەدەرکردنی ئەو یاسایانەی پێویستی ئەمڕۆی کۆمەڵگا نین ودەچنە چوارچێوەی ئەو یاسایانەی سیفەتی یاسای (کەمالیات)یان پێوە دیارە و بواری جێبەجێ کردنیان زۆر کەمە.


سێ : سەرجەم کارمەندانی بواری کایەی دادوەری ڕابهێنرێن لەسەر فێرکردنی بەردەوام کە پرۆسەیەکی هەرە گرنگە بۆ پێشکەوتن وبرەو دان بەتواناکان و کارامەیی لەکاردا بۆ وەرگرتنی زانیاری نوێ لەهەموو بوارەکاندا وقووڵ بوونەوەی زیاتر لەبواری پسپۆری خۆیاندا، کە بەداخەوە ئەم لایەنە لەهەموو ووڵاتێکدا گرنگی پێ ئەدرێ بەڵام لەکوردستان وعێراقدا بابەتێکە هەر بیریشی لێ ناکرێتەوە.


چوار : سێ کوچکەی دادپەروەری (عەدالەت) ، بوێری (جرائەت) ، دەستپاکی (نەزاهەت) بکرێتە پێوەر وخاڵی ناوەندی وچەقی سەرقاڵ بوونی کایەی دادوەری، نەک خۆ خەریک کردن بەکاری لاوەکیەوە کە ئێستا بەداخەوە هەندێ دادگـا پێوە سەرقاڵ کراوە…