سەرۆکی دادگا پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و شاندێکی یاوەری کرد



بەروار: یەک شەممە - ٢٤ / ئەیلول / ٢٠٢٣


سەرۆکی دادگا پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و شاندێکی یاوەری کرد

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٣/٩/٢٠ بەڕێز دادوەر عبدالجبار عزیز حسن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی باڵای ئەنجومەنی دادوەری سەردانی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی کرد و لەلایەن بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پێشوازیان لێکرا.

سەردانەکەی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لە میانەی ئەو سەردان و بەسەرکردنەوانە بوو کە بەرێزیان ئەنجامی دەدەن بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی دادگاکان و کێشە و گرفت و پێداویستییەکانیان.

لە دیدارێکدا کە بەرێزان جێگرانی سەرۆکی دادگا و چەند دادوەرێک ئامادەی بوون ، سەرۆکی دادگا بەناوی تەواوی دادوەر و فەرمانبەرانی دادگا بەخێرهاتنی گەرمی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی و شاندی یاوەریان کرد و باسی لە گرنگی ئەم سەردان و دیدارانە کرد.

دواتر بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری پاش دەڕبرینی خۆشحاڵی خۆی بۆ بینینی فراوانبوون و بەرەوپێشچوونەکانی دادگای سلێمانی، لە وتەیەکدا پشتگیری و پاڵپشتی تەواوی ئەنجوومەنی دادوەری بۆ سەرۆکایەتیمان دووپاتکردەوە.

لەدیدارەکەدا باس لە دۆخی دادگاكانی هەرێمی کوردستان کرا و جەختکرایەوە لە گرنگی سەربەخۆیی دادگاكان و بێلایەنی لە بریار و فەرمانەکانیاندا.

هەروەها باس لە کێشە و گرفتەکانی دادگاكانی سنوری پارێزگای سلێمانی کرا، کە گرنگترینیان کەمی لێکۆڵەری دادوەری و فەرمانبەر و کەمی کەلوپەل و کەرەستەی پێوست کە شیاوبێت بە ناو و قورسایی دادگاکان و هەوڵدان بۆ کردنەوەی پلەبەرزی فەرمانبەرانی سەربە ئەنجومەنی دادوەری بوون.

لەبەرامبەردا بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری رایگەیاند کە بەشێک لە ئامانجەکانی ئەو سەردانە زانینی کێشەو گرفتەکان و پێداویستییەکانی دادگاکانە و، بەپێی پلان و بەرنامەیەکی گونجاو کار بۆ چارەسەری کێشەکان و دابینكردنی بەپەلەی پێداویستییەکانیان دەکەن.

دواتر بەڕێزیان بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی چەند بەشێکی دادگا و ژوری پارێزەرانی دادگای سلێمانی کرد و لەنزیکەوە گوێی بۆ پێشنیار و ڕاو سەرنجەکانیان گرت.

شیاوی باسە بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری سەرسامی خۆی نەشاردەوە بە کاروبارەکانی سەرۆکایەتیمان و دەستخۆشی هەبوو بۆ رێکوپێکی دەوام و یەکپۆشی فەرمانبەران و پاکوخاوێنی تەلاری دادگای سلێمانی و جێبەجێکردنی ئیشوکاری رۆژانەی بە زۆرباش وەسفکرد.