داوای لـەپـاڵ یـان داوای بـەش بـەش کـراو

دادوەر/ حـسـێن مـحـێـدیـن تـەهـمـاس

دادوەری دادگـای بەرایـی سـلێمانی/٣



بەروار: چوارشەممە - ٠٨ / ئایار / ٢٠١٩



داوای لـەپـاڵ یـان داوای بـەش بـەش کـراو.. یاسـایی بـوونـی ئەم جۆرە داوایـە..

بە سەرنجدانی کۆی یاسای دادبینیە شارستانێـتەکانی ژمارە ٨٣ ی ساڵی ١٩٦٩ ی هەموار کراوی کارپێکراو دەقێک بەدی ناکرێ بواری دابێ داوایەک بەش بەش بکرێ بەوەی مافێک یان داوایەکی شـیاوی بەش بەش نەبوو (الدعوی غیر قابلة للتجـزئة) بەشێکی کەمی لەژێر ناوی (بۆ پاراسـتنی پێدانی ڕەسـم) بە داوایەک داوا بکرێ و پاشان ئەگەر بۆ داواکار دەرکەوت کە داواکە بە ئاراستەی سەلماندن بووندا ئەڕوات ئەوا هەڵسێت بە داواکردنی ئەو بەشەی کە ماوە لە مافەکە یان لە بڕە پارەکە لە ژێر ناوی داوایەکی لەپاڵ (منظمـة) یان دواتر بە داوایەکی سەربەخۆ (مسـتقلة) بۆی هەبێ داوای بکات.. واتە بە ڕوونتر ئەمەی ئێستا لە پراکتیکدا ئەکرێ بووە بە دیاردەیەکی هەرە زەقی نێو کایەی کاری دادوەری بە قەتیس کراوی لە بەشە شارسـتانێـتیەکەدا وە بە ڕێژەیەکی هەرە دیار لە دادگا بەراییـەکاندا لە ژێر ناوی داوا تۆمارکردن بە بەشێکی کەمی مافەکە (جـزء من الحـق) وە دواخستنی داواکردنی بەشە زۆرەکەی ئەو مافە بۆ داوایەکی تر..

  ئەم شێوازە لە داوا تۆمارکردن هیچ پشـتگیریەکی یاسایی نیە و ڕێکـارێکە بە هەڵە خزێنـراوەتە نێو کاری دادوەریەوە وە بووە بە (ئەمـری واقیـع) لە کاتێکدا ئەم (ئەمەرە واقیعە) هیـچ دەقێکی یاسایی لە هیچ یاسایەکدا پشتگیری ناکات.. 

  کەواتە دیاردەی داواکردنی بەشـێکی داوا لە کوێوە سەری هەڵداوە..؟ هۆکاری دروست بوونی چیە..؟ بۆچی ئێستا ئەم شێوازە داوا تۆمارکردنە بووتە دیاردەیەکی زەق و لە زۆربەی داوا بەراییەکاندا بەرچاو ئەکەون..؟  ئایا پشـتگیری یاسایی هەیە..؟  ئایا ئەکرێ ئەم دیارەدیە نەهێـڵدرێ.. ؟ کێشەکانی ئەم دیارەدیە چـیە..؟ وە ئایا دەرئەنجـامەکانی چیە وە لە ڕووی یاساییەوە ئەو جۆرە داوایانە کێشی یاساییان هەیە یان نەء..؟

  ئەو پرسیارانە و چەند پرسیارێکی تری هاوشێوە لەسەر ئەم پرسە شیاوی لا لـێ کردنەوە و وەڵام دانەوەن.. بە ئومێدی ئەوەی بتوانم تیشکێـک بخەمە سەر ئەم بابەتە و لایەنەکانی ڕوون بکەمەوە بە هیوای ئەوەی وەک هەر هەڵەیەکی تری نێو کایەی کاری دادوەری بتوانرێ قسەی لەسەر بکرێ وهەوڵی چارەسەر کردنی بدرێ ونەهێڵـدرێ.. هەرچەندە قسەکردن لەسەر هەڵە باوەکان و دژایەتی کردنیان هەروا ئاسان نیە، چونکە ئەو هەڵە باوانە بوون بەدیاردە و بە(ئـەمری واقیـع) لایەنگری خۆی هەیە و کەسانێک هەن لەبەر هەر هۆیەک پشتگیری مانەوەی دەکەن وبواری قسە کردن لەسەری تەسک ئەکەنەوە.. هەڵە باوەکان لە هەر بوارێکی ژیاندا بێ شـێواز وفـۆرمی خۆی وەرگرتووە.. قسـەکردن لەسەر ئەم پرسە وپرسە هاوشـێوەکان وەک قسەکردنە لە سەر ئەو سەدان باوە کۆمەڵایەتیە چەق بەستووەی نێو ژیانی کۆمەڵگا کە هەڵەن وەک ڕاستیەک ئەبینرێن، کەچی ئەو هەڵانە رۆژانە پراکتیک ئەکرێن بێ ئەوەی کەسێ بتوانێ لێی لا بدات. بە جۆریک، وای لێ هاتووە ئەو  هەڵە کۆمەڵایەتیە لە دیدی گشـتیەوە بووە بە بنەما و بە ئەسڵ و بە ڕەفتارێکی چەق بەستوو. قسەکردنیش لێی حەرامێکی کۆمەڵایەتیە. بە هەمان شێوە لە بواری کاری دادوەریشدا دەیان هەڵەی بێ پشـتی دەقی یاسایی ڕۆژانە لە داگاکاندا پەیڕەو ئەکرێن و کەس لای لێ ناکاتەوە لە کاتێکدا ئەگەر بۆ هەر بوارێک هەڵە کردن ڕێگە پێدراو بێ کە تا ئەندازەیەک هەڵەی تیادا بکرێ، ئەوا بۆ بواری پزیشـکی وبواری دادوەری هەڵەکان هەندێک جار کوشـندەن، جا یان لەش وتەندروسـتی مرۆڤەکان لەناو ئەبا لە کایەی پزیشـکیدا وە یان ماف وئازادیـەکان پێشـێل ئەکا لە بواری کـاری دادوەریدا..

  ئێستا لە پیادەکردنی کاری دادوەری لە بەشە شارستانێـتەکەی ڕۆژانە دووبارە بوونەوەی دیاردەی بە بەش بەش تۆمارکردنی داوا دیاردەیەکی باوی نێو کایەی دادوەریە.. بەبڕوای من ئەمەی لەدادگاکاندا پیادە ئەکرێن بەناوی (داوای لەپاڵ ـ الدعوی الحادثة) داوای لەپاڵ نیە، بەڵکو بەش بەش کردنی داواکردنی مافە و لە ژێر ناوی داوای لەپاڵدا ناوزەد ئەکرێ.. من بەناچاری لەم باسەدا جار جار بەم داوای بەش بەش کردنی داوایە ئەڵێم داوای لەپاڵ، بەڵام بڕوایشم وایە ئەمەی ڕۆژانە پیادە ئەکرێ داوای لەپاڵ نیە وبە هەڵە بەو ناوەوە ناونراوە..

بۆچی و لەبەر چی ئەم دیاردەیە هاتۆتە نێو کاری دادوەریەوە.. بە بۆچوونی من هۆکارەکە بۆ چەند خاڵێک ئەگەڕێتەوە، لەوانە:

یەکەم: بە هەڵە ڕاڤە کردن و پیادە کردنی دەق: لە یاسای دادبینی شارستانی باسی داوای لەپاڵ هاتووە، بەڵام ئەو باسە بۆ ئەمە نیە کە لە دادگاکان پیادە ئەکرێن، بەڵکو بۆ هەندێک حاڵەتی تایبەتە کە لە پاش کردنەوەی داوا دێتە بوون وئەکرێ بخرێتە سەر داوا بنەڕەتیەکە، بۆ نموونە وەک قازانجی تازە دروست بوو (الفوائد المتـجددة) کە دێتە سەر (ئەسڵی) مافەکە، کە تۆ داوات تۆمار کرد بۆ (ئەسڵی) حەقەکە و لە پاش تۆمارکردنی داواکە بابەتێک هاتە ئارا، ئەوا ئەکرێ بە داوایەکی لەپاڵ داوای بکەی، بەڵام ئەم داواکردنەیش ئەڵبەتە بەڕێـوشـوێنە یاساییەکەی خۆی، نەک بەو ڕیتمەی کە ئێستا پیادە ئەکرێ.. بە سەیر کردنی یاسای دادبینیە شارستانێـتەکان ئەبینرێ دەروازە (باب)ی پێنجەم لەو یاسایە کە پێکدێ لە حەوت مادە لە ماددەی ٦٦ تا ماددەی ٧٢ بۆ داوای لەپاڵ (الدعوی الحادثة) دانـراوە، کە وورد ئەبیـتەوە لەسەرجەم ئەو دەقـانە، هیـچ دەقێک پشـتگیری ئەم بەش بەش کردنەی داوا ناکات کە ئێستا بەکرداری لە دادگاکاندا پیادە ئەکرێن تایبەت بەم پرسە.. وە ئەگەر زیاتر لەو حەوت ماددەیە وورد ببیـنەوە ئەبیـنرێ ئەو دەقانە زیاتر تەرخان کراون بۆ پرسی کەسانی سـێـیەم وچۆنیـەتی (داخـڵ) بوونیان بۆ نێو داوا، جا ئەم کەسانە خۆیان داوای هاتنە ناوەوە بکەن یان لەسەر داوای لایەنێکی داواکە بێ.. واتە لەم دەروازەیەدا کە تایبەت کراوە بە داوای لەپاڵ هیـچ دەقێک پشـتگیری بەش بەش کردنی داوا (تـجـزئـة الـدعـوی) ناکا، بەڵکو ئەم دەروازە تایبەتە بەداوای لەناکاو (لحادثة)، نەک بەش بەش کردنی داوا.. بۆیە ئەبێ جیاوازی بکەین لە نێوان داوای لەناکاو (الدعوی الحـادثة) لەگەڵ بەش بەش کردنی داوا (تجزئة الدعوی) چونکە ئەمەی لە دادگاکاندا پیادە ئەکرێ بەش بەش کردنی داوایە بۆ چەند بەشێک لە سەرەتادا بە بیانووی پێدانی ڕەسم بەشێکی کەمی داواکە داوا ئەکرێ ودواتر ئەگەر داواکار هەستی کرد وا خەریکە داواکەی ئەسەلـمێنرێ وە یان ئەگەر سەلـمێنرا هەڵئەسـێ داوای بەشە زۆرەکەیش ئەکا.. جا هەرچەندە ئەمەی کە لە دادگاکاندا تایبەت بەم پرسە ئەگوزرێ ناوی لێ نەنراوە و لە ژێر ناوی داوای لەپاڵ پەردە پۆش ئەکرێ بەڵام من ناوی (بەش بەش کردنی داوای بۆ هەڵئەبژێرم. کە ئەکرێت لەباسێکی سەربەخۆدا باسی بکەم)..

دووەم : ڕەسم دان ؛ پاش دەرچوونی یاسای ڕەسمە دادیـەکان (قانون الرسوم العدلیة)ی ژمارە ١١٤ ی ساڵی ١٩٨١ کە ئێستایش هیشتا هەر کار بەو یاسایە ئەکرێ سەرباری نەگونجانی لەگەڵ بارودۆخی دارایی ئێستادا بەهۆی ئەو هەموو گۆڕانکاریە زۆر و هەمە چەشنەی بەسەر بوارەکانی ژیانی خەڵکدا هاتووە لە ڕووی ئابووری وپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان وبوارەکانی ترەوە.. ئەبیـنرێ لەو یاسایەدا لای سەرووی ڕەسمدان بریتی بوو لە ٥٠٠ پێنج سەد دیناری چاپـی سویسری، کە ئێستایش هەر وا مـاوتەوە، ئەوەندە نەبـێ ئەو پێنج سەد دینارە عێراقیە چاپی سویسـریە بووە بە ٧٥٠٠٠ حەفتا وپێنج هەزار دیناری چاپی ئێستا (بریمەر).. جا بەسەرنجدانی باری ئابووری ودارایی ئەو سەردەمەی ئەو یاسایەی تیادا دەرکراوە ئەبیـنرێ هێزی کڕین (القیـمة الشـرائیة)ی ئەو پێـنج سەد دینارە بۆ ئەو سەردەمە زۆر زۆر بوو، کە ئەتوانرێ بەراوورد بکرێ بەنزیکەی ١٥٠٠ هەزار وپێنج سـەد دۆلاری ئێستا، واتە ئەو کاتانە بەهای دیناری چاپی سویسـری زۆر بەرز بوو ، بەرزترین مووچەی کارمەندێکی دەوڵەت لەو کاتەدا لەو سنورانەدا بوو.. وا ئەزانم مووچەی جێگر وەزیرێک یان بەڕێوەبەرێکی گشتی وەیان دادوەرێک لەو کاتانەدا نەئەگەیشـتە ئەو پێنج سەد دینارە ، ئەم بەهێزیەی دراوی دینار لەو سەردەمەدا کە ئەو یاساییەی تیادا دانرا وای کردبوو کە داواکار پێدانی ئەو ڕەسمە زۆرەی پێ هەڵنەسـوڕێ..  جا بۆ خۆ دەرباز کردن لە پێـدانی ڕەسمی زۆر لە ئەگەری دۆڕاندنی داوا، ئەم خۆ دەرباز کردن و خۆ دزینەوەیە  لە پێدانی ئەو ڕەسمە زۆرە هاتە ئاراوە، لە بەرامبەریشـدا بێ دەنگ بوون و وورد نەکردنەوە و هەڵوێست وەرنەگرتنی لایەنی پەیوەندیدار کە دادوەر و دادگاکان بوو لەم هەڵەیە ئیتر ئەم بەش بەش کردنەی داوا بوو بە دیاردە، هەروەک چۆن لە ئێستادا بە پێی ئەم یاسا کارپێکراوە دەبێ بڕی ٧% ی نرخی داوا وەربگیرێ لە داواکردنی دەست قەرز، کەچی لە زۆربەی هەرە زۆری داواکردنی قەرز قۆڵەدا هەر ڕێژەی ٢% ی بڕی داواکراو وەرئەگیرێ و بابەتەکەیش ئەڕوات وکەس لای لێ ناکاتەوە و لە ووردبینی کردنی ژمێریاری وتەمیزیشـدا تێـپەر ئەبێ، بە هەمان شێوە ئەو بەش بەش کردنی داوایەیەش بۆ ئەوەی ڕسمی کەم بدرێ بێ دەنگ بوونی لێ کرا وئەم هەڵەیەی هێنایە نێو کایەی دادوەریەوە..

سـێیەم : گوێ نەدان ولا لێ نەکردنەوە وکارکردن لەسەر بنەمای ئەو ووتە باوەی کە ئەڵێن (هـەروا کـراوە..) یان (هـەروا ڕۆیشـتـووە..) وە یان (فـڵان پێشــتر هـەروای کـردووە..) چونکە کە تۆ دێی ئەڵێی ئەم کارە بەم شـێوازە هەڵەیە و لە گەڵ یاسادا نەگونجاوە، یەکسەر ئەوەی بەرامبەرت پێت ئەڵێ وازی لێ بێنە خەریکی چی بووی هەروا کراوە و فڵان هەروای کردووە.. ئەم تیگەیشـتنە تێـگەیشـتنـێکی ترسـناکە وە هەتا لە هەموو بوارەکانی ژیانـماندا ئەو تێگەیشـتنە هەڵەیە واز لێ نەهێـنین و ئەو شـێوازە بیر کردنەوەیە واز لێ نەهێنین، ئەوا ناتوانین هەنگاوێک بەرەو پێش بڕۆین و کارەکانی ئەمـڕۆمان هەمیشە ئەبێ کۆپـی کراوی کاری دوێنـێ وپێـرێ بێ و خۆمـانیش ئەبێ بیر کـردنەوەمان کـۆپی بیر کـردنەوەی ئەوانەی دوێنێ و پێرێ بن..

چوارەم : پلە بەندی پارێزەر بۆ پلەی ڕاهێنراو و کارا و ڕاوێژکار، هەروەها ڕێگیری کردن لە فەرمانبەرە یاساییەکانی فەرمانگە حکومیەکان؛ هۆکارێکی تری هاتنە ئارای ئەم هەڵەیەیە، چونکە بەپێی یاسای پارێزەریەتی، پارێزەرەکان پلە بەند کراون، بۆ نموونە پارێزەری ڕاهێنراو بۆی نیە (داخڵی) هەندێک داوا ببێ کە بڕی پارەی داواکراو سەرووی بڕێکی دیاری کراوە.. هەروەها فەرمانبەرە یاساییەکانی فەرمانگە حکومیەکان بەهەمان شێوە تا سنورێکی دیاری کراوی کەم بۆیان هەیە لە داوادا هەبن. جا بۆ ئەوەی پارێزەری ڕاهێنراو یان فەرمانبەری یاسایی بۆیان هەبێ لە داوایەکدا ئامادە بن لێرەو لەوێ لە ژێر پەردەی ئەم بە (جـزء) داوا تۆمار کردنەدا، داواکانیان تۆمار ئەکەن و لە دادبینی کردنیش ئامادە ئەبن.

پێنـجەم : ئومێدی پێکهاتنی نێوان لایەنەکانی داوا؛ زۆر جار کەسی داواکار، تۆمارکردنی داواکەی بەکار ئەهێنێ وەک فشـارێک لە بەرامبەر ڕکابەرەکەی بۆ ئەوەی ئەو ناچار ببێ مافەکەی بداتەوە، بۆیە تۆمارکردنی داواکەی تەنها وەک ئامڕازی فشار خستنەسەر بەکار ئەهێنێ، هەر لەبەر ئەوە دێت داواکە بەش بەش ئەکات بۆ ئەوەی ڕەسمی هەموو بڕە پارە یان مافە داوا کراوەکە نەدات، ئەم دیارەدیە حاڵەتێکە لە ڕێژەیەکی بەرچاوی داواکاندا هەستی پێ ئەکرێ.

  هۆکارەکانی مانەوەی ئەم دیاردەیە هەر هەمان هۆکارەکانی دروست بوونیەتی بەتایبەتی گوێ نەدان ولا نەکردنەوە وکار کردن لەسەر ئەو ووتەیەی کە ئەڵێ (هەروا کراوە یان فڵان وای کردووە..) لەگەڵ هۆکاری ئەوەی داواکار داوا تۆمار ئەکات و کەمترین ڕەسم ئەدات وئەم ڕەسم دانە بەم شێوازە لە بەرژەوەندی داواکارە کە بە کەمترین ڕەسم ئەتوانی زۆرترین بڕە پارە بسەلمێنێ و دواتر داوایان بکات..

  داوا تۆمارکردن بەم شێوازە وەک ووترا بەو ڕەهاییەی کە پیادە ئەکرێ هیچ پشـتگیریەکی یاسایی نیە و لە هیچ دەقێکی یاسای دادبیـنیە شارستانێـتەکاندا باس نەکراوە و هیچ دەقێک لە یاسادا نیە ڕێگە بدات بە داواکار داواکەی بەش بەش بکات.. ئەم شیوازە بۆ داوا تۆمارکردن تەنها لە چوارچێـوەیەکی زۆر کەمدا نەبێ و بۆ چەند حاڵەتێکی دیاریکراو نەبێ نابێ، وەک داواکردنی (قیسـتێک) لە کۆی کۆمەڵە قیستێک یان داواکردنی کرێیەکی دیاریکراو لە کۆی کۆمەڵە کرێیەک.. کەواتە ئەگەر پێوەرێک دابنـێین بۆ ئەو داوایانەی کە ئەکرێ بە بەش بەش کراوی داوا بکرێن ئەتوانین ئەم پێوەرە بکەینە بنەما کە ئەویش ئەوەیە: هەر ماف وداوایەک بکرێ بە بەش کراوی لێکۆڵینەوەی دادوەری تیادا بکرێ ئەکرێ بە بەش بەش داوا بکرێ وە بە پێچـەوانەوە هەر ماف وداوایەک کە نەتوانرێ بە بەش کراوی لێکۆڵینەوەی دادوەری تیادا بکرێ ناکرێ بە بەش کراوی داوای بکرێ ئەمەش زۆربەی هەرە زۆری داواکان ئەگرێتەوە کە ئێستا لە دادگاکاندا تۆمار ئەکرێن، تەنها بۆ نـموونە داوای قەرەبوو کردنەوەی شتێکی دیاری کراو، یان داوای هەڵوەشـاندنەوە یان پووچـەڵ کردنەوە، یان داواکانی شـیاو بوون (استحقاق) ئەم داوایانە و دەیان جۆری تری داوا ناکرێ داوای بەشێکی بکرێ و بەشێکی بکرێتە داوایەکی تر، جا ئەگەر بە داوای لەپاڵ بێ یان بە سەربەخۆ. سروشتی ئەم مافانە بەو جۆرەیە کە بەش بەش ناکرێن، چونکە هەر لە ڕووی مەنتیقەوە چۆن ئەتوانرێ کاری سەلماندنی ئەم جۆرە مافانە بەشێکی کە داوا کراوە بسەلمێنرێ و ئەو بەشە کە ڕەسمی بۆ نەدراوە سەلماندنەکەی دوابـخرێ.. سروشتی ئەم جۆرە داوایانە وایە مافی داواکراو یەکەیەکی یەکگرتـووە و بە بەش کراوی کاری تیادا ناکرێ..

  داواکردن بە بەش کراوی وەک ووترا هیچ پشتگیریەکی یاسایی نیە، بەڵام کێشەکە تەنها نەبوونی ئەم پشـتگیرییە یاساییە نیە، بەڵکو کۆمەڵە کێشەیەک هەن کە ئەبێ لایان لێ بکرێتەوە ولە حاڵەتی داوا کردن بە بەش بەش کراوی ئاگامان لێـیان بێ، هەندێک لەو کێشانە لەم چەند خاڵەدا باس ئەکەین:

یەکەم : ئەوەی زانراوە کلیلی ناسینەوەی داوا ژمارەکەیەتی. ژمارەی داوا بۆ دەیان مەبەست بەکار ئەهێنرێ ، هەرە سەرەکیەکەیان ناسینەوەی داواکەیە بەو ژمارەیە کە لەلایەن دادگاوە پێی ئەدرێ بۆ ناسینەوەی، جا ئەگەر داوای لەناکاو داوا بێ، کەواتە ئەبێ ژمارەی خۆی پێ بدرێ، بە بۆچوونی من ژمارە نەدان بە داوای لەپاڵ هەڵەیەکی کارگێڕیە و تا ئێستا لای لێ نەکراوتەوە، پرسیارەکە ئەوەیە کە ڕەسم ئەدرێ لەسەر چ داوایەک ئەو ڕەسمە تۆمار ئەکرێ، لێرەدا سێ گریمانە دێنە ڕوو، یەکەمیان/ ئەگەر ئەم ڕەسمە لەسەر داوا بنەڕەتیە کۆنە تۆمار کراوەکەیە، ئەوا ڕەسم بۆ ئەو داوا بنەڕەتیە تۆمار کراوە لە کاتی تۆمارکردنی داواکەدا دراوە و ڕەسمەکەی یەکمجار شێوازی یاسایی خۆی وەرگرتووە وهیچ ناتەواویەکی تیادا نیە، داواکار داوای چی کردووە ڕەسمی بۆ داوە، بۆیە نەگونجاوە پێدانی ڕەسمی داوا لەپاڵەکە لەسەر ژمارەی داوا بنەڕەتیەکە وەربگیرێ.. گریمانەی دووەم/ ئەوەیە خۆ ئەگەر بڵێـین ئەوە ڕەسمی تەواوکاریە، ئەوە کاتێک ئەبێ کە ڕەسمی داوا بنەڕەتیەکە کە داوای بەشەکەیە، ئەو ڕەسمە بە ناتەواوی درابێ، جا ئەگەر ئەو ڕەسمە بە ناتەواوی نەدرابێ، ئیتر چۆن بتوانین ئەم ڕەسمەی دووەم جار وەرئەگیرێ ناوی لێ بنێین ڕەسمی تەواو کاری، کە وابێ ئەم گریمانیەیش دەست نادات.. وە گریمانەی سێـیەم ئەوەیە ئەگەر ئەوترێ ڕەسمی داوایەکی تازەیە خۆ ئەبێ ئەم داوا تازەیە ژمارەی هەبێ.. کەواتە بە هەموو پێوەرەکان، ئەبێ داوای لەپاڵ ژمارەی پێ بدرێ چونکە ئەو داوا لەپاڵە داوایە بەهەموو پێوەرێک وەک هەر داوایەکی تر، وە هەموو مەرجەکانی داوای تیادا فەراهەم هاتووە وەک عەریزەی داوا، ئاگادار کردنەوە وڕەسم دان وبریار تیادا دان و هتـد.. بەم پێیە ئەمەی کە ئەکرێ وئەگوزەرێ لە ئێستادا لە گەڵ پێـودانگە یاسـاییە جێگیرەکان وڕێکارە کارگێریەکانی داوادا یەک ناگرێتەوە وجێگای خۆیەتی هەوڵی چارەسەر کردنی بدرێت.. هەر لەم بوارەدا ئەوەی ئێسـتا ئەگوزەرێ ئەوەیە لە گەڵ ئەم ناتەواویەی باس کرا، کەچی کاتێک لەلایەن دادگاوە بە داواکارێ ئەوترێ ئەم داوایەت بە بەشێک لە مافەکە تۆمار کردووە، دادگا تەنها لە سنوری ئەوەندی ڕەسمت بۆ داوە ڕێکارەکان ئەگرێتە بەر، ئەگەر ئەتەوێ بۆ هەموو بڕە مافە ناوهێنراوەکە ڕێکاری یاساییت بۆ بکرێ ئەبێ ڕەسمی هەموو بڕە مافە ناوهێنراوەکە لەداواکەدا بدەیت.. لێرەدا کە ئەم داواکارە ئەڕوات بۆ پێدانی ڕەسم بۆ بڕەکەی تر کە پێشتر رەسمی بۆ نەداوە لە (بەشی پەیوەندیدار) کە ڕەسمی داوا لەپاڵەکەی لێ وەردەگرن بۆی دەنوسرێ ڕەسمی تەواوکاری (اکمال الرسم ) یان (تکملة الرسم) لە کاتێکدا ئەو دەستەواژەیە بۆ ئەم جۆرە داوایانە ناگونجێ، بەڵکۆ تەنها بۆ ئەو داوایانە دەبێ کە ڕەسمی ناتەواوی بۆ دراوە، بۆیە ئەبێ بۆ داوای لەپال کە رەسم وەرئەگیرێ ـ هەرچەندە وەک ووتمان داواکە ئەبێ ژمارە هەبێ کە نیەتی ـ بە لای کەمەوە ئەبێ بنوسرێ ڕەسمی داوای لەپاڵ، نەک ڕەسمی تەواوکاری.

دووەم : کێشەیەکی تری ئەم جۆرە داوایە ئاگادار بوونەوەیە بە داوا لەپاڵەکە، ئەو کەسەی داوای لەسەر تۆمار ئەکرێ بە بەشێک لەداواکە، بۆ نموونە کەسێک دە ملیۆن دیناری لای کەسێکە. داواکار دێت لە سەرەتادا باسی دە ملیۆنەکە لە داواکەیدا ئەکا بەڵام داواکەی قەتیس ئەکا بە تەنها داوای سەد هەزار دینار. لێرەدا داوالەسەرکراوەکە تەنها عەریزەیەکی داوای بە دەست دەگات کە داواکار داوای تەنها سەد هەزار دیناری کردووە لە کۆی دە ملیۆن دینار، داوالەسەرکراوەکەیش جاری وا هەیە ئەڵێ مادام داواکار تەنها داوای سەد هەزار دیناری کردووە و ئەو بڕە پارەیەی بە لاوە گرنگ نیە ئەگەر حوکمیشی لەسەر دەربچێ، بۆیە ئەگەری زۆرە لەبەر کەمی بڕی پارەی داواکراو ئامادەی دادبینی کردن نەبێ. ئەم ئامادە نەبوونە تەنها بۆ ئەم داوایەیە کە بڕەکەی تەنها سەد هەزار دینار بووە، بۆیە لێرەدا کە داواکار داواکەی قەتیس کردووە بە تەنها سەد هەزار دینار ئاگادار کردنەوەکە و ڕێکاری سەلماندن تەنها بۆ سەد هەزار دینارە وە ناکرێ ئەو سەلماندنە وئەو ئاگادار کردنەوەیە بەکار بهێنری بۆ داوا لەپاڵەکە کە نۆ ملیۆن ونۆ سەد هەزار دینارە، ئەگەر وا کرا ئەوا ئەمە جۆرێکە لە سـتەم و نادادی دەرحەق بەداوالەسەرکراو، چونکە کێ ئەڵێ ئەگەر داوالەسەرکراو بزانێ داوای هەموو دە ملیۆن دینارەکەی لێ ئەکرێ ئامادە نەبێ وداکۆکی لەخۆی نەکا.. بۆیە هەندێک جار ڕەچاوی ئەم ووردەکاریە ناکرێ، نەک هەر ئەوەندە بگرە پێویستە لە داوای لەپاڵدا عەریزەی داوا لەپاڵەکە ئەگەر بەعەریزە داوکرا بوو یان کۆنوسی دادبینی کردنی ئەو دادبینیەی کە داواکار داوا لەپاڵەکەی تێدا تۆمار کردووە بنێردرێ بۆ داوالەسەرکراوەکە بۆ ئاگادار کردنەوەی بە داوا لەپاڵەکە.

سێـیەم ؛ کێشەیەکی تری ئەم داوایە پرسی بەجێهـێڵانی داوایە بۆ سەرلێدانەوە (تەرک کردن): زانراوە کە ئەگەر لایەنەکانی داوا لە دادبینی کردنێکدا ئامادە نەبوون ئەوا بە پێی مادەی ٥٤ بڕگەی ١ ی یاسای دادبینیە شارستانێـتەکان داواکە بەجێ ئەهێـڵرێ بۆ سەرلێدانەوە (تەرک ئەکرێ) ، وە ئەگەر لە ماوەی دە ڕۆژی دوای ڕۆژی تەرک کردنەکە داواکە تازە نەکرایەوە ئەوا پووچەڵ ئەکرێتەوە.. جا با سەرنجی ئەم نموونەیە بدەین: بۆ نموونە ئەگەر داوا بنەڕەتیەکە لە یەکێک لە دادبینی کردنەکاندا بەجێهـێڵرا بۆ سەرلێدانەوە و دواتر لەماوەی یاساییدا تازە کرایەوە و لە دوای تازەکردنەوەکە داواکار هەستا داوایەکی لەپاڵی تۆمار کرد و دوای تۆمارکردنی داوا لەپاڵەکە لە یەکێك لە دادبینی کردنەکاندا لایەنەکان ئامادە نەبوون.. باشە لەم بارەدا چی بکرێ باش و یاسـاییە.. وەڵامەکە ئەوەیە ئەبێ داوا بنەڕەتیەکە پووچەڵ بکرێتەوە بەپێی مادەی ٥٤ بڕگەی ٣ ی یاسای دادبینیە شارستانێتەکان، بەڵام داوا لەپاڵەکە ئەبێ بەجێ بهێـڵری بۆ سەرلیدانەوە.. لێرەدا داوا بنەڕەتیەکە نامێـنێ وتەنها داوا لەپاڵەکە ئەمێنیتەوە.. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ڕەچاوی ئەو ووردەکاریە کراوە بۆ ئەم جۆرە حاڵەتانە؟..

چوارەم : شکاندنەوەی نرخی دۆلار یان خەمڵاندنی شمەکە عەینـیەکان وخەمڵاندنی مافە داواکراوەکان: زانراوە لە پرسی شکاندنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار یان بۆ خەمڵاندنی مافەکان هەمیشە بونیاد لەسەر رۆژی داوا تۆمارکردن (المطالبة القضائیة) نرخەکان دیاری ئەکرێن وئەخەمڵێنرێن. جا لەبەر ئەوەی لەم جۆرە داوایانەدا دوو داوای تۆمار کراو هەن لە دوو کاتی جیادا: داوا بنەڕەتیەکە و داوا لەپاڵەکە.. جا بۆ دیاری کردنی نرخی دۆلار بۆ ئەو بڕە دۆلارەی لە داوا بنەڕەتیەکەدا تۆمار کراوە، هەروەها بۆ دیارکردنی نرخی ئەو بڕە دۆلارەی لە داوا لەپاڵەکەدا داواکراوە ئەبێ بەپێی ڕۆژی داواکردنی هەر بڕێکیان نرخەکەی دیاری بکرێ بە دینار، کە بێ گومان زۆربەی کاتەکان نرخەکان لە یەکتر جیان.. بە هەمان شێوە لە پرسی خەمڵاندنی قەرەبوو یان داواکردنی شمەک یان هەر مافێکی تری وەک زێر وخشل وناوماڵە ئەبێ بزانرێ ئەو شت ومافانەی لە داوا بنەڕەتیەکەدا چین بە ڕۆژی داواکردنیان خەمڵاندنیان بۆ بکرێ هەروەها لە داوا لەپاڵەکەیشدا بە هەمان شێوە ئەبێ بزانرێ ئەو شتانەی لە داوا لەپاڵەکەدا داوا کراون چین بە پێی ڕۆژی داواکردنیان خەمڵاندنیان بۆ بکرێ.. جا لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لەو داوایانەی بەش بەش ئەکرێن ڕەچاوی ئەم شێوازە خەمڵاندنە کراوە؟..

پێنجەم : ئەو داوا بنەڕەتیانەی کە نرخەکانیان بایی ئەوەیە فەرمانبەری یاسایی فەرمانگەکان وەک بریکار تیایاندا هەبن، ئەگەر داوا بن و ژمارەی خۆیان هەبێ و بڕی پارەکەی بایی ئەوە بێ فەرمانبەری یاسایی بمێنـێـتەوە تیایدا.. بۆچی فەرمانبەرەکە نەمێـنێـتەوە، بۆ داوا لەپاڵەکەیش ئەگەر نرخەکەی سەرووی نرخی دیاریکراو بوو ئەوکات پارێزەری بۆ بگیرێ ؟ پرسیارەکە بە قووڵ بوونەوە لە دەقە یاساییەکان بە (مجەرەدی) وەڵام دانەوەی ئاسانە… کە ئەگەر وەڵامی دروستی بدەینەوە ئەوا ئەو لێشاوە فەرمانبەرە یاسـاییانەی لەفەرمانگەکاندا هەن دەکەونە کار و بە کرداری بەشدار ئەبن لە دەیان داوای فەرمانگەکانی خۆیان، کە خۆیان باشتر ئەتوانن داکۆکی لە مافی فەرمانگەکەکانیان بکەن لە بەر چەندین (اعتبارات) کە ئێرە بواری باس کردنی نیە..

شەشەم : ووتمان ئەم داوا بەش بەش کردنە هیچ پشتگیریەکی یاسایی نیە، جا نەبوونی ئەو پشـتگیرییە یاساییە ئەبێتە هۆی پووچەڵ بوون و (مـعـدوم) بوونی هەر هەموو ڕیکارە دادوەریە ئەنجام دراوەکان، سەرجەم پرۆسەی سەلماندنەکان حوکمی نەبوو (معدوم) یان ئەبێ، چونکە وەک زانراوە بەپێی مادەی ٢ ی یاسای دادبینـیە شارستانێـتەکان داوا بەوە پێناسە کراوە کە هەڵسانی کەسێکە بە داواکردنی مافەکەی لە کەسێکی تر لە بەردەم دادگادا ( الدعوی/ طلب الشخص حقە من الاخر امام القضاء).. جا ئەگەر داوا، داوای ماف بێ لە بەردەم دادگادا، وە ئەگەر یەکێک لە مەرجەکانی داوا ئەوە بێ کە دەبێ رەسمی بۆ بدرێ، ئەوا ئەو بەشەی داوا کە ڕەسمی بۆ نەدراوە ناکرێ هیچ لێکـۆڵینەوەیەکی دادوەری تێدا بکرێ وە ئەگەر لێکـۆڵینەوەی دادوەری تیادا کرا ئەوا ئەو لێکۆڵینەوەیە هیچ (اعتبارێکی) یاسایی نیە و هیچی لێ بوونیاد نانرێ و هیچ دەرئەنجامێکی نابێ و ناکرێ ئەو داوا و ئەو مافەی ڕەسمی بۆ نەدراوە و لێکۆڵینەوەی تیادا کراوە بە سەلمێـنراو دابنرێ، بەو پێیە ناکرێ بۆ داوایەکی تر ئەم داوا کار تیادا کراوە ڕەسم بۆ نەدراوە لەسەر بنەمای (الامر المقضـي فیە) کاری تیادا بکرێ و بووترێ بە پێی مادەی ١٠٥ و ١٠٦ ی یاسای دادبیـنیە شارستانێـتەکان (حجیـەتی) وەرگرتووە.. بەو پێـیە ئەو بەشە لە داوا کە ڕەسمی بۆ نەدراوە ودادگا ڕێکارەکانی سەلماندنی بۆ تەواو کردووە و دواتر داواکار دێت ڕەسمی بۆ ئەدات لەژێر ناوی داوایەکی لەپاڵ یان بە داوایەکی سەربەخۆ و پاشان کە ڕەسم درا  بڕیاری بۆ دەرئەکرێ.. ئەوا ئەو حوکمە حوکمی (عدم) ی هەیە، چونکە وەک ووترا ڕێکاری سەلماندن لە داوایەکدا ئەنجام دراوە نە ڕەسمی بۆ دراوە وە نە ڕەسم دانەکەی دواخراوە وەک لە حاڵەتی وەرگرتنی بڕیاری (المعونە القضائیة) دا هەندێک جار هەندێک توێژی کەم دەرامەت ئەبوردرێن لە پێدانی ڕەسم لەسەرەتادا، بەڵام دواتر هەر ڕەسمیان لێ وەرئەگیرێ..

حەوتەم : کێشەیەکی تری ئەم داوایە ئەوەیە ئەگەر داوا بنەڕەتیەکە شێوازێکی تانە لێدانی هەبوو، وە داوا لەپاڵەکە شێوازێکی تری هەبوو.. پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین ؟ بۆ نموونە لە داوا بنەڕەتیەکەدا نرخەکەی کەمتر لە سەد دینارێکە و داواکە شیاوی تەنها پێداچـوونەوەیە نەک تێهەڵچـوونەوە، بەڵام داوا لەپاڵەکە نرخەکەی سەروو سەد وپەنجا هەزار دینارێکە وئەم داوایە شیاوی تێهەڵچوونەوە وپێداچوونەوە بوو.. واتە هەردوو داواکە دوو (مەرجع) ی جیایان هەبوو بۆ تانەلێدان،، ئایا چارەسەر چیە؟

لە کۆتاییدا ئەتوانرێ بووترێ ئەمەی لە دادگاکانی عێراق و کوردستاندا لە ژێر ناوی داوای لەپاڵ ناوزەد ئەکرێ، هیچ حوکمێکی داوای لەپاڵی تیادا بەدی ناکرێ و لە یاسادا باس نەکراوە وحوکمی بۆ دانەنراوە وبە هەڵە خزێنـراوەتە ژێر سایەی داوای لەپاڵ، باشترین ناو بۆ ئەم جۆرە داوایە ناوی (بەش بەش کردنی داوایە) کە هیچ یاسایەکی پەیوەندیداردا وەک یاسای شارستانی، یاسای دادبینیە شارستانێـتەکان ویاسای سەلماندندا باسی نیە ونەکراوە..

  هەمدیسان پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ئەکرێ هەوڵێک بدرێ بۆ بنەبڕ کردنی ئەم دیاردەیە؟.. بەڵێ بێگومان ئەتوانرێ بەوەی لایەنە پەیوەندیـدارەکان سەرنجـێکی دۆخەکە بدەن و هەڵوێسـتەیەک لەسەر ئەمەی کە ئەگوزەرێ بکەن، یان بە جێگیرکردنی بنەمایەکی دادوەری لەسەر ئەم پرسە زۆر بە ئاسانی ئەتوانرێ ئەم ڕێچکەیە وەلا بنرێ..

  باسەکە زۆرتر هەڵئەگرێ وهۆکاری دروست بوون وبەردەوامی وکێشەو گرفتەکانی ئەم شێوازە لە داوا تۆمارکردن زۆر زیاترن، بەڵام لەم باسەدا ئەوەندە بەسە..