لە درێژەی هەوڵەکانی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بۆ باشتر بەڕێکردنی کاروباری هاووڵاتیان و دڵنیابوونەوە لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکانی دادگاکان، ئەمرۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٢/٢٠ بەرێز دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لەگەڵ بەڕێزان دادوەرانی دادگاکانی کەتنی سلێمانی کۆبووەوە.
لە کۆبونەوەکەدا بەرێز سەرۆکی دادگای سوپاسی بەڕێزان دادوەران و فەرمانبەرانی دادگای کرد لەپای ماندووبون و ئەرکی زۆریان و، گفتوگۆ کرا دەربارەی هۆکارەکانی کەڵەکەبوونی داوا و درەنگ یەکلابونەوەیان، کە جگە لە هۆکارەکانی زۆری ژمارەی داوا و کەمی دادوەر و فەرمانبەر، کێشەکانی پێراگەیاندن (تبلیغات) یەکێکی ترە لە هۆکارە سەرەکییەکان و، بۆ ئەو مەبەستە بەڕێز سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە پێویستە لە زووترین کاتدا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی میکانیزمی گونجاو بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە و چارەسەر بکرێت.
بەڕێز سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە پێویستە دادوەرە بەڕێزەکان هەوڵ و کۆششی زیاتر بکەن بۆ خێراترکردنی ڕێکارەکانی یەکلایی کردنەوەی داواکان و چارەسەری کێشەکانی کەڵەکەبوونی داواکان لەو دادگایانە لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا.