سەرۆکی دادگا پێشوازی لە شاندێکی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی کرد



بەروار: سێ شەممە - ٠٦ / کانوونی یەکەم / ٢٠٢٢


سەرۆکی دادگا پێشوازی لە شاندێکی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی کرد

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/١٢/٦ بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پێشوازیکرد لە شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان (هیوا أحمد محمد) بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی و شاندێکی یاوەری.

لە کۆبونەوەیەکدا کە بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی و سەرۆک و ئەندامانی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان/لقی سلێمانی و چەند پارێزەرێک ئامادەبوون، جەختکرایەوە لە گرنگی پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان فەرمانگەکانی حکومەت، بەمەبەستی ئاسانکاری و کەمکردنەوەی کێشەو گرفتەکانی کاری ڕۆژانەی هاووڵاتیان.

لە تەوەرێکی تردا بەڕێز سەرۆکی دادگا جەختی کردەوە لە گرنگی ڕێزگرتن و مامەڵەکردنی دامودەزگا ئەمنیەکان لەگەڵ پارێزەران و ڕێگەدان و کار ئاسانی بۆیان لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان و، دۆزینەی میکانیزمی گونجاو بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکان و چەسپاندنی یاسا.

شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ سەردانەکە دەربڕی و ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ هەر هەنگاوێک خزمەت بێت بە دامودەزگا حکومییەکان بەگشتی و دادگا و دامەزراوە دادوەرییەکان بە تایبەتی.