ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٢/٩/٢٠ بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی کرد و لەلایەن بەڕێز (هیوا أحمد محمد) بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانیەوە پێشوازی لێکرا.
لە کۆبونەوەیەکدا کە بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی ئامادەی بوو، باس لەو میکانیزمانە کرا کە دەبێتە هۆی باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانی هاووڵاتیان و، هەردوولا جەختیان لە گرنگی پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان فەرمانگەکانی حکومەت کردەوە، بەمەبەستی ئاسانکاری و کەمکردنەوەی کێشەو گرفتەکانی کاری ڕۆژانە.
هەروەها بەرێز سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە پێویستە گرنگی تەواو بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و مافی بەرگری تۆمەتباران بدرێت.
لە تەوەرێکی تردا بەڕێزیان جەختیان کردەوە لە گرنگی ڕێزگرتن و مامەڵەکردنی دامودەزگا ئەمنیەکان لەگەڵ پارێزەران و ڕێگەدان و کار ئاسانی بۆیان لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان.