سەرۆکی دادگا سەردانی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی کرد



بەروار: دوو شەممە - ٢٧ / حوزەیران / ٢٠٢٢


سەرۆکی دادگا سەردانی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی کرد

لەمیانی هەوڵەکانی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریەکانی سیستمی ئەلکترۆنی دادگا و بەمەبەستی کاراکردنی سیستمی ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ دادگاییکردنی تۆمەتباران، ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی سەردانی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەڕێز عمید هیوا صدیق محمد بەڕێوەبەری پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی و بەرپرسانی بەشەکە کۆبوەوە.

لە دیدارێکدا باس لەکێشەو گرفتەکانی ڕاگیراوان و دۆخی ژیان و شوێنی مانەوەیان کرا و، بەرێز سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە ئەوەندەی لە توانا و دەسەڵاتی ئەوان بێت دەیکەن بۆ چارەسەری ئەو کێشانە و باشترکردنی دۆخی ڕاگیراوان.

دواتر لە کۆبونەوەیەکدا کە بەڕێز بەڕێوەبەری ئایتی سەرۆکایەتیمان ئامادەبوو گفتوگۆکرا سەبارەت بە ئامادەکاری و پێداویستیەکانی زیادکردنی خزمەتگوزاری ڤیدیۆ کۆنفرانس بۆ سیستمی ئەلکترۆنی دادگا و داواکرا بەزووترین کات شوێنی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە تەرخان بکرێت و سەرۆکایەتیمان سەرجەم پێداویستیەکانی بەردەستبوونی ئەو خزمەتگوزارییە دابین دەکات.

شایەنی باسە داداگاییکردن بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس تەنها لە وڵاتە پێشکەوتوەکان کاری پێدەکرێت و، سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی دەبێتە یەکەمین دادگا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کە ئەو سیستمە جێبەجێ دەکات، کە ئەمەش دەبێتەهۆی دابینکرنی ئارامیەکی زیاتر بۆ تۆمەتباران و کارئاسانیەکی زۆر بۆ پۆلیس و کەمکردنەوەی تێچوونی گواستنەوەی تۆمەتباران و هاتوچۆیان و هەر لەشوێنی مانەوەی خۆیان لەڕێگەی سیستمێکی تایبەتەوە بە دەنگ و ڕەنگ و لە ڕێگەی شاشەوە پڕۆسەی دادگایی کردنەکە بەڕێوەدەچێت.