ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠٢٢/١/٢٥ بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پێشوازی كرد لە شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان (عمید ئاسۆ طه) بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و شاندێکی یاوەری. شاندی میوان داوایان لە بەڕێز سەرۆکی دادگا کرد بەپێی توانا هەوڵبدرێت ژمارەی دادوەر و لێکۆڵەری دادوەری لە بنکەکانی پۆلیس زیاد بکرێت، چونکە کەمی دادوەری لێكۆڵینەوە و لێکۆڵەری دادوەری و زۆری ژمارەی داواکان بوونەتە هۆی خاو بەڕێوەچوونی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە بنکەکانی پۆلیس. بەشێکی تری کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردنی ڕێکارەکانی ڕادەستکردنەوەی ئەو تۆمەتبارانەی کە لە دادگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق فەرمانی گرتنیان هەیە و لە هەرێمی کوردستان دەستگیر دەکرێن.. بەڕێز سەرۆکی دادگا باسی ئەو ڕێکارانەی کرد و ڕایگەیاند کە بەپێی ڕێنمایی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان و لیژنەی هەماهەنگی دادوەری نێوان هەرێم و ناوەند، ئەو تۆمەتبارانە پێویستە لە ڕێگەی دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵەوە ڕەوانەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بکرێنەوە. شاندی میوان سوپاسی بەڕێز سەرۆکی دادگایان کرد لەپای هەماهەنگی و پشتیوانی بەردەوامی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانیان.