سەرۆکی دادگا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کرد



بەروار: سێ شەممە - ١٩ / تشرینی یەکەم / ٢٠٢١


سەرۆکی دادگا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کرد

بەمەبەستی دروستکردنی هەماهەنگی زیاتر و باشتر ڕاپەڕاندنی ئەو کارانەی کە پەیوەندی بە دادگا و دامەزراوە تەندروستییەکانەوە هەیە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/١٠/١٧ بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی  سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کرد و لەلایەن بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتی تەندروستنی سلێمانی و جێگر و کۆمەڵێک لە بەڕێوەبەرانی بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە پێشوازی لێکرا. 
لە میانەی باسکردنی کێشە و گرفتەکان، بەرێز سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە ناڕوونی هەیە لە هەندێک لەو ڕاپۆرتە پزیشکیانەی کە تایبەتە بەو کەیسانەی کە لایەنەکانی داوا  پێویستیانە و دادگا داوای دەکات، جەختیکردەوە کە پێویستە ڕاپۆرتەکان لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی ئەو بوارەوە ئامادە بکرێت و ڕوون و یەکلاکەرەوە بێت بۆ دادگا. 
لە تەوەرێکی تردا بەڕێز سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە پێویستە دەرون نادروستەکان شوێنیان بکرێتەوە لە نەخۆشخانە حکومییەکانی تایبەت بەو بوارە و چارەسەر و چاودێری پێویست بکرێن.
بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی تەندورستی ئامادەیی بەڕێوەبەرایەتیەکەی دەربڕی بۆ هەموو هەماهەنگیەک و ڕایگەیاند ئامادەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دادگا و هەر کارێکن کە ببێتە هۆی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان.