سەرلەبەیانی ئەمرؤ چوار شەممە ٢٠٢٠/١٠/٧ بەڕێز دادوەر جاسم جزا جافر سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بە یاروەری بەڕێز د.هەڤاڵ أبوبکر پارێزگاری سلێمانی پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵای ئەنجومەنی دادوەری کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و سەرۆکی داوکاری گشتی عێراق و سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم و سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری عێراق و کۆمەڵێک ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی هەردوو ئەنجومەنی دادوەری.
دواتر لە کۆبونەوەیەکدا کە کۆمەڵێک لەبەرێزان دادوەرانی دادگاکانی سلێمانی و بەڕێز بەڕێوەبەری فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی داواکاری گشتی ئامادەی بوون جەخت کرایەوە لەسەر کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی زیاتر لە نێوان دەزگا دادوەریەکانی عێراق و هەرێم بە مەبەستی چەسپاندنی زیاتری یاسا و دۆزینەوەی ئەو میکانیزمانەی دەبنە هۆی پەرەپێدانی دەزگا دادوەرییەکان.
دواتر شاندی میوان بەشەکانی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانیان لەناو باڵەخانەی دادگا بەسەر کردەوە و خۆشحاڵی و سەرسامی خۆیان بۆ پێشکەوتنەکانی ئەم سەرۆکایەتیە دەربڕی و بە دادگایەکی نمونەیی وەصفیان کرد و هیوایان خواست ئەم جۆرە سەردان و کۆبونەوانە بەردەوام بن.