سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٠/٩/٢٠ بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پێشوازیکرد لە بەڕێز عەمید (سالار عەبدوڵا) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی و شاندێکی یاوەری.
لە کۆبونەوەیەکدا جەختکرایەوە لەسەر زیاتر کارئاسانی کردن و خزمەتکردنی هاوڵاتیان و بڕیاردرا بە:
- دانانی کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ونبووەکان و کارمەندێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لەناو بینای بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی، بۆ ئەوەی ئەو هاوڵاتیانەی مامەڵەی ونبوونی پاسپۆرت دەکەن هەر لەناو بینای بەڕێوەبەرایەتیەکە کارەکانیان بۆ تەواو بکرێت، کە پێشتر دەبوو بچنە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ونبوەکان و دواتر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و پاشان دادگا و دواتر بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت بۆ تەواوکردنی ئەو مامەڵەیە.
- لەکاتی دەرچوونی هەر فەرمانی دەستگیرکردنێک، لەڕیگەی سیستمی ئەلکترۆنی دادگاوە بنێردرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست و ڕزگار نەبوونی هیچ کەسێک لەدەست یاسا.
هەروەها شاندی میوان داوایانکرد کە هەوڵبدرێت بۆ ئەوەی هەر هاوڵاتیەک کاری ڕاستاندنی مامەڵەی هەبوو نەچێتە شاری هەولێر و هەر لە شاری سلێمانی کارەکەی بۆ تەواو بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێز سەرۆکی دادگای ڕایگەیاند کە لە ڕێگەی ئەنجومەنی دادوەرییەوە کار دەکات بۆ گەیاندنی داواکارییەکەیان.
لە کۆتاییدا شاندی میوان سوپاسی بەڕێز سەرۆکی دادگایان کرد بۆ پشتیوانی و هاوکارییەکانی و، سەرۆکی دادگاش بەڵینی هەموو کارئاسانی و هەماهەنگیەکیدا بۆ هەر کارێک کە خزمەت بە هاوڵاتیانی شاری سلێمانی و جێبەجێکردنی یاسا بکات لەم دەڤەرە.