مەراسیمی کردنەوەی دادگای ئەلکترۆنی



بەروار: شەممە - ٠٤ / حوزەیران / ٢٠١٦


مەراسیمی کردنەوەی دادگای ئەلکترۆنی

کردنەوەی کارەکانی بە ئەلکترۆنیکردنی دادگاکانی سلێمانی..

 ڕۆژی 4ی حوزەیرانی 2016 بە ئامادەبوونی شاندێکی ئەنجومەنی دادوەری و بە ئامادەبوونی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی و دادوەران و ژمارەیەکی بەرچاو لە لێپرسراوانی حکومی و حزبی و وەفدی کۆمپانیای ئەکتۆرسی ئیستۆنی، لە مەراسیمێکدا بە فەرمی پرۆژەی بە ئەلکترۆنیکردنی دادگاکانی سلێمانی کەوتەکار.
سەرەتای مەراسیمەکە دوای دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان، وتاری بەخێرهاتن لەلایەن دادوەر لەتیف عوسمان سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە پێشکەشکرا و سوپاسی پارێزگای سلێمانی و هەوڵوماندووبونی هەموو ئەو لایەن وکۆمپانیایانەی کرد، کە ئەم پرۆژە گرنگەیان بۆ دادگاکانی سلێمانی دروستکردووە.
دواتر وتەی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن دکتۆر ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی پێشکەشکراو باس لەگرنگی پرۆژەکەو بایەخەکانی کرد بۆ دادگاکان و کارئاسانیکردن بۆ هاووڵاتیان.
پاشان وتەی هەریەکە لە سەرۆکی بۆردی پرۆژەکە و کۆمپانیای جێبەجێکار پێشکەشکرا.
سیستەمی بە ئەلکترۆنیکردنی دادگاکانی سلێمانی پرۆژەیەکی درێژخایەنە و هەوڵکی گرنگە بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی زانیارییەکانی دادگا و ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کارەکان کە ئەنجام دەدرێت بە هاوبەشی دادگاکان و لایەنەکانی تر کە پەیوەندییان هەیە بە دادگاوە، بە مەبەستی بەڕێکردنی ڕێکارە یاساییەکان و بەڕێوەبردنی دادگاکان و بەڕێوەبەبردنی داواکان بەشێوەیەکی شەفافتر و خێراتر.
جێبەجێکردنی پلانی بە ئەلکترۆنیکردنی دادگاکانی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی ماوەی نزیکەی (10|) ساڵە کاری تێدا دەکرێت.
ئامانجی دادگای ئەلکترۆنی بەدیهێنانی چەندتایبەتمەندییەکە لەوانەی:
• سەرجەم بەکارهێنەرانی ئەم سیستمە بە یەک شێواز کاردەکەن.
• بە ئەلکترۆنیکردنی سەرجەم نوسراو و بەڵگەنامەکان.
• کاریگەری دەبێت لەسەر شێوازێکی پارێزراوتری دادگا بەشێوەیەک کە تەنها بۆ کەسانی ڕێگەپێدراو بەردەست دەبێت.
• لە ڕێگەی خستنەڕووی ئامارێکی ڕاست و دروست، هەروەها دەستکەوتنی زانیاری دەربارەی داواکان بە بێ پابەندبوون بە کات و شوێن، هەروەها شەفافییەتێکی زۆر دەستەبەر دەبێت.
• کاتێکی زیاتر دەگەڕێتەوە کە لە چەندبارە نووسینەوەی زانیارییەکان خەرج دەکرێت، چونکە بەیەک جار تۆمارکردنی زانیاریی چەندین جار بەکاردێتەوە و کاتێکی زۆر دەگەڕێتەوە.