سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٠/١/١٦ بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پێشوازی كرد لە بەڕێزان سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری عێراق و سەرۆكی دادگاكانی تێهەڵچونەوەی هەولێر و كەركوك و دهۆك و نەینەوا..
پاشان لە هۆڵی پێشوازی دادگا كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگی دادوەری سازكرا، كە پێشتر چەند كۆبوونەوەیەك ئەنجامدرابوو لە شارەكانی بەغدا و هەولێر.. لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی تیشك خرایە سەر هەماهەنگی زیاتری نێوان ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، وە باس لە گرفت و كێشەكان كرا بەتایبەتی كێشەی رادەستكردنەوەی تۆمەتبار و داواكراوان لەلایەن هەردوولاوە، هەروەها باسی كێشەكانی بانكی و ئەو داوایانەی لەسەر بانكەكان دەكرێت، وە گرفتەكانی بەردەم هەواڵەكردنی دۆسیە تاوتوێ كرا و چارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم كێشەكان خرایە ڕوو.. وە بڕیاردرا كە پەیوەندی ئەلكترۆنی لەنێوان هەردوولا كارا بكرێت بەمەبەستی كارئاسانی و زووتر راپەڕاندنی ئیشوكاری هاووڵاتیان.
پاشان میوانانی بەڕێز بەیاوەری سەرۆكی دادگا بەشەكانی دادگای سلێمانییان بەسەركردەوە و چۆنیەتی ئیشوكاری دادگای سلێمانییان بۆ روونكرایەوە، میوانانی بەڕێز سەرسامی خۆیان نەشاردەوە بە پاكوخاوێنی ناو دادگا و رێكوپێكی كارەكان بەتایبەتی سیستمی یەکپۆشی فەرمانبەران و سیستمی ئەلكترۆنی دادگا کە زۆر جێی سەرنجیان بوو و ڕایانگەیاند کە بۆ یەکەمجارە لە دادگاکانی عێراقدا ئەو دوو سیستمە پەیڕەو بکرێت وە بە هۆكارێكی باشی كارئاسانی و باش راپەڕاندنی ئیشوكاری هاووڵاتیان زانرا..
لە كۆتاییدا بەڕێز سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری عێراق رایگەیاند كە: ”ئەتوانین بڵێین دادگای سلێمانی هەرە پێشكەوتووترین دادگای عێراقە” و دەستخۆشی و سوپاسی لە سەرۆكی دادگا و سەرجەم فەرمانبەرانی دادگا كرد.