دادگای سلێمانی خولێکی ڕاهێنانی بۆ فەرمانبەرانی چەند فەرمانگەیەکی پارێزگای سلێمانی کردەوە



بەروار: چوارشەممە - ١٨ / کانوونی یەکەم / ٢٠١٩


دادگای سلێمانی خولێکی ڕاهێنانی بۆ فەرمانبەرانی چەند فەرمانگەیەکی پارێزگای سلێمانی کردەوە

پاش ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی، بەمەبەستی کارئاسانی و زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی ڕۆتین لەڕایکردنی کارو مامەڵەی ڕۆژانەیان لەو فەرمانگانەی کە پەیوەندیان بە دادگای سلێمانیەوە هەیە، دادگای سلێمانی بڕیاریدا خزمەتگوزاریەکی نوێ لەناو سیستمی ئەلکترۆنی دادگا چالاک بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەبەرایەتی ئایتی دادگای سلێمانی خولێکی ڕاهێنانی بۆ فەرمانبەرانی هەریەکە لە فەرمانگەکانی بەرێوەبەرایەتی خانوبەرەی سلێمانی/١ و ٢، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، هەردوو کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم کردەوە.
لەم خولەدا ئەو فەرمانبەرانە ئاشنا دەکرێن بەو خزمەتگوزاریە نوێیەی کە لە قۆناغی سێیەمی سیستمی ئەلکترۆنی دادگای سلێمانی دەخرێتەکار، کە تایبەتە بە ئاڵوگۆڕکردنی ئەلکترۆنی نوسراوە فەرمییەکان لەگەڵ ئەو فەرمانگانەی کە کاری ڕۆژانەیان لەگەڵ دادگای سلێمانی هەیە .
شایەنی باسە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا فەرمانبەرانی دادگای سلێمانی بەشداریان لەو خولەدا کرد و بەو خزمەتگوزاریە نوێیە و چۆنیەتی بەکارهێنانی ئاشناکران.