سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠١٩/١٢/٩ بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لەهۆڵی کۆنفرانسی دادگای سلێمانی سەرپەرشتی سیمینارێکی کرد كە لە چوارچێوەی هەڵمەتی نیشتیمانی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان - سلێمانی، رێكخرابوو .
دوای بەخێرهاتنی ئامادەبووان لەلایەن بەڕێز بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو، بەڕێز سەرۆكی دادگا وتەیەكی پێشکەشکرد و تیشکی خستەسەر ئەو کەلێن و کەم و کوڕیانەی کەلەیاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانیدا هەیە، و پێویستی هەماهەنگی هەموولایەكی دووپات كردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی هەر تاكێك و بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری پێویست بەمەبەستی پاراستنی خێزان و ئاشتەوایی كۆمەڵگە.
پاشان ئامادەبووان سەرنج و پرسیار و تێبینیەکانی خۆیان لەسەر بابەتەكە خستەڕوو.
دواتر بەڕێز دادوەر کامەران رسول دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی بابەتی سیمینارەكەی پێشکەشکرد كە تایبەت بوو بە باڵانسی جێندەری لە یاسا كارپێكراوەكاندا.
شایەنی باسە چەند دادوەرێکی بەڕێز و سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی و چەند ئەفسەرێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان و نوێنەری چەندین ڕیکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و چەند ڕێکخراوێکی بەرگری لەمافی ژنان و پیاوان و چەند کەناڵێکی راگەیاندن ئامادەی سیمینارەکە بوون.