سەرۆکی دادگا پێشوازی لە لیژنەی باڵای فەتوای سلێمانی کرد



بەروار: یەک شەممە - ٠٧ / تەمموز / ٢٠١٩


سەرۆکی دادگا پێشوازی لە لیژنەی باڵای فەتوای سلێمانی کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٠١٩/٧/٧  بەڕێز دادوەر (جاسم جزاء جافر) سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی پێشوازی کرد لە کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی بەڕێز کە پێکهاتبوون لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی فەتوای باڵای سلێمانی.

لەدیدارێکدا دوای بەخێرهێنان و سوپاسکردنیان بۆ ئامادەبوونیان، لەڕێگەی ئەم بەڕێزانەوە داوای لە سەرجەم مامۆستایانی ئاینیی بەڕێز کرد کە وەک هەمیشە ڕۆڵی گرنگی خۆیان ببینن لە وشیارکردنەوەی خەڵکی و گەڕاندنەوە و بەهێزکردنەوەی ئینتیمای نیشتمانی لای هاووڵاتیان و بەرز ڕاگرتنی یاسا و دامودەزگاکانی دەوڵەت و دەرخستنی گرنگیی جێبەجێکردنی یاسا و ناشرین پیشاندانی تاوان و سەرپێچیبەکان بەتایبەتی کە ئێستا تاوانەکانی وەک (کێشان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، چەقۆ کێشی و دزی و شەڕکردن) ڕووی لەهەڵکشان کردووە و پێویستە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بەگشتی و وتاربێژان بەتایبەتی ڕۆڵیان هەبێت لە کەمکردنەوەی ئەو دیاردانە..

هەروەها داوای لێکردن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە چارەسەرکردنی کێشە خێزانییەکان و کەمکردنەوەی ڕێژەی تەڵاق و جیابوونەوە کە ئەویش ڕێژەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو لە زیادبووندایە، وە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی نەبوونی وشیاری و ڕۆشنبیری خێزانی و کۆمەڵایەتییە بەتایبەتی کە زۆربەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە ئەو هاوسەرانەن کە تازە هاوسەرگیریان کردووە و ئەزموونی ژیانیان نییەو پێویستیان بە ڕێنمونیکار هەیە کە ئەرکی بەڕێزیانە ئەو وشیاری و ڕۆشنبیرییە بڵاوبکەنەوە لە ڕێگەی مینبەری مزگەوتەکانەوە، لێرەدا بەڕێز سەرۆکی دادگا وتی: (دیاردەکە هێندە دڵگرانم دەکات کە واژۆ کردنی بڕیارێکی جیابوونەوە قورسترە لەلام لە بڕیارێکی لەسێدارەدان).