سەرۆکی دادگا لەگەڵ دادوەرانی لێکۆڵینەوەی سلێمانی کۆبووەوە



بەروار: سێ شەممە - ١٨ / حوزەیران / ٢٠١٩


سەرۆکی دادگا لەگەڵ دادوەرانی لێکۆڵینەوەی سلێمانی کۆبووەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٠١٩/٦/١٨ بەڕێز دادوەر (جاسم جزاء جافر) سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێز (مهدی رشید) سەرۆکی فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی، لەگەڵ دادوەرانی لێکۆڵینەوەی سلێمانی کۆبووەوە.

سەرەتا جەخت لەسەر هەماهەنگی تەواو لە نێوان دادوەرانی لێکۆڵینەوە و ئەندامانی داواکاری گشتی کرایەوە و بەڕێز سەرۆکی داواکاری گشتی سلێمانی لەو ڕوەوە ئامادەیی بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕی و ڕایگەیاند بە خۆشحاڵیەوە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی هەموو سەرنج و تێبینیەکانی بەڕێزان دادوەرانی لێکۆڵینەوە.

لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆکی دادگا بەڕێزان دادوەرانی لێکۆڵینەوەی ئاراستەکرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاگیراوان بەپێی ماددەی ١٠٩ لە یاسای بنەما دادگەرییە سزاییەکان و ڕەچاوکردنی دۆخی چاکسازیەکان و ژمارەی زۆری ڕاگیراوان.

هەروەها جەختیکردەوە لە پابەندبونی سەرجەم دادگاکانی لێکۆڵینەوە بە لێکۆڵەرەوە دادوەریەکان و ئەفسەرانی لێکۆڵینەوە لە بنکەکانی پۆلیس بە بەکارهێنانی سیستەمی ئەلکترۆنی دادگا، دادوەرانی لێکۆڵینەوە ڕایانگەیاند کە ئامادەن بەتەواوی سیستەمەکە کارپێبکەن، بەڵام کێشەی گەورە و سەرەکییان نەبونی کارەبای بەردەوامە لە بنکەکانی پۆلیس، بەڕێز سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.

بەڕێز سەرۆکی دادگا پێداگیری کرد لە باشتر بەڕێوەچونی پێراگەیاندن (تبلیغات) لەلایەن بنکەکانی پۆلیسەوە و وەرگرتنی ناونیشانی تەواوی سکاڵاکار و سکاڵا لەسەرکراو لەکاتی تۆمارکردنی داوادا بۆ ئاسانکردنی کاروباری پێڕاگەیاندن لە داهاتوودا.

لەکۆتایدا بەڕێزیان هانی بەڕێزان دادوەرانی لێکۆڵینەوەیدا کە مامەڵەیەکی زۆر مرۆڤانە لەگەڵ هاوڵاتیان بکەن و بەڕێزەوە ئیش و کارەکانیان بۆ جێبەجێ بکەن و چاودێری ئیش و کاری فەرمانبەرانیان بکەن و دەستنیشانی فەرمانبەری دڵسۆز و کارامە بکەن بۆ سوپاسکردنیان و هاندانی ئەوانی تریش بۆ باشترین کار و خزمەت.