سەرۆکی دادگا پێشوازی لە شاندێکی پەڕلەمانتارانی کوردستان کرد



بەروار: پێنج شەممە - ٠٩ / ئایار / ٢٠١٩


سەرۆکی دادگا پێشوازی لە شاندێکی پەڕلەمانتارانی کوردستان کرد

سەرۆکی دادگا پێشوازی لە شاندێکی پەڕلەمانتارانی کوردستان کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٩-٥-٢٠١٩ بەڕێز دادوەر (جاسم جەزاء جافر) سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پێشوازی کرد لە شاندێکی پەڕلەمانتارانی کوردستان کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان (د.کاظم فاروق) سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ و (ئەبوبەکر هەڵەدنی) لە فراکسیۆنی یەکگرتوو و (سۆران عومەر) لە فراکسیۆنی کۆمەڵ و (دياری ئەنوەر و مژدە مەحمود) لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و وەفدێکی یاوەریان لە پارێزەران و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە مەبەست لە سەردانەکەیان بەدواداچوون بوو بۆ دۆسیەی سکاڵای پەڕلەمانتارەکەی نەوەی نوێ و دەستگیرکردنی کۆمەڵێک تۆمەتباری ئەو دۆسیەیە.

بەڕێز سەرۆکی دادگا پاش بەخێرهاتنیان و گوێگرتن لە سەرنج و تێبینییەکانیان ڕایگەیاند کە دادگا بێلایەنە و بە یەکچاو سەیری هەموو کەس و لایەنێک دەکات و مامەڵە تەنها لەگەڵ سکاڵاکار و تۆمەتباردا دەکات بەپێی یاسا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای کەسەکان.. لەم دۆسیەیەشدا دادگا تەنها بەپێی یاسا فەرمان و بڕیاری دەرکردووە، ئەگەر هەر تێبینییەکی یاسایی لەسەر ڕێکارەکان هەیە ئەوا ڕێگاکانی تانەدان کراوەیە و پارێزەرانی کەیسەکە دەتوانن بەپێی یاسا تانە لە بڕیارەکانی دادگای لێکۆڵینەوە بدەن، هەر تێبینیەکیش لەسەر ئەدای لایەنە ئەمنییەکان هەیە ئەوا دەتوانن لەڕێگەی داواکاری گشتییەوە کاری لەسەر بکەن.. هەروەها ڕایگەیاند کە دادگا تەنها مامەڵەیەکی یاسایی مجرد دەکات و پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەوە نییە، بۆیە داوای لە میوانانی بەڕێز کرد کە لەڕێگەی دەزگا ڕاگەیاندنەکانیانەوە هەوڵی بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری یاسایی بۆ هاووڵاتیان بدەن و بێلایەنی و شکۆی دادگا لەهەواڵ و ڕاپۆرتەکانیاندا بپارێزن و دادگا نەخەنە نێو ململانێ و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان لایەنەکان.