سەرۆکی دادگا لەگەڵ سەرجەم دادوەرانی سلێمانی کۆبووەوە



بەروار: یەک شەممە - ٢٨ / نیسان / ٢٠١٩


سەرۆکی دادگا لەگەڵ سەرجەم دادوەرانی سلێمانی کۆبووەوە

سەرۆکی دادگا لەگەڵ سەرجەم دادوەرانی سلێمانی کۆبووەوە

بەمەبەستی زیاتر لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ئیش وکارەکانیان و زانینی کێشە و کەموکورتیی دادگاکانیان، بەڕێز دادوەر جاسم جەزاء جافر لەگەڵ سەرجەم دادوەرانی دادگاکانی ناوشاری سلێمانی کۆبووەوە، سەرەتا بەخێرهاتنی کردن و سوپاسی ئامادەبوونیانی کرد، پاشان لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

یەکەم: داوایکرد لە دادوەران کە سەردانی فەرمانبەرانیان بکەن لەشوێنی کارەکانیان و لەنزیکەوە کێشە و گرفت و ئیش و کار و چالاکییەکانیان ببینن، ئەوەش بەمەبەستی هاندان و دەستخۆشی لە فەرمانبەری باش و دلسۆز و گورجوگۆڵ لە ڕاپەڕاندنی ئیش وکار و ئاگادارکردنەوە و سەرنجڕاکێشانی ئەو فەرمانبەرانەی وەکو پێویست کارناکەن و مامەڵەیان لەگەڵ هاووڵاتیان باش نییە و پابەند نین، هەروەک داوای لە دادوەرانی بەڕێز کرد کە پەیوەندییەکەی هاوڕێیانەی نزیک لەگەڵ فەرمانبەرانیان دروستبکەن چونکە بۆ ڕاییکردنی ئیش و کاری دادگاکان هەمووان تەواوکاری یەکترین.

دووەم: سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە تێبینی دەکرێت هەندێ لە دادگاکان لەکاتی دادبینی و دادگاییەکاندا دەرگای هۆڵی دادبینی دائەخەن کە ئەمەش پێچەوانەی بنەمای ئاشکراییبوونی دادبینییە کە لەدەستووری هەمیشەیی عێراق و یاسا کارپێکراوەکاندا هاتووە بۆیە پێویستە لەمەودوا دەرگای هۆڵەکان بەکراوەیی بمێننەوە مەگەر بۆ داوایەک کە بەپێی یاسا نهێنی بێت.

سێیەم: بەپێی ڕێنمایی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان نابێت دادوەران لە زانکۆ و پەیمانگا حکومی و ناحکومییەکاندا وانە بڵێنەوە، بۆیە بەڕێزیان داوای لە دادوەرانی بەڕێز کرد کە لەساڵی خوێندنی داهاتووەوە نابیت هیچ دادوەرێک لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا وانە بڵێتەوە و ئەمساڵ لەبەر بەرژەوەندی خوێندکاران و قوتابیان چاوپۆشی دەکرێت تا کۆتایی خوێندن.

چوارەم: بەپێی ئاماری دادگاکان هەشت مانگی پێشوو بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ڕابوردوو ژمارەی داواکان هێندەونیوێک زیادی کردووە ئەمە سەرەڕای کەمیی ژمارەی دادوەر و فەرمانبەر، بۆیە داوای لە دادوەرانی بەڕێزکرد هەوڵی زیاتر بدەن بۆ یەکلاکردنەوەی داواکان و بەشیوەیەکی باشتر کار بە سیستمی ئەلکترۆنی بکەن تا زووتر ئیش و کارەکانیان بەئەنجام بگەیەنن.

پێنجەم: سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند کە بەپێی ئامار و داتاکان لەئێستادا سیستمی ئەلکترۆنی لە جاران باشتر کاری پێ دەکرێت لە دادگاکاندا و بەشێوەیەکی بەرچاو بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە باشتریش بێت و سەرجەم دادگاکان بە مەدەنی و سزاییەوە بەباشی بەکاریبهێنن، سەرجەم دادوەرانی بەڕێز سەرەڕای دەربڕینی پابەندییان بە بەکارهێنانی سیستمەکە گازندەیان لە کەمیی ژمارەی فەرمانبەر کرد کە وایکردووە فریا نەکەون وەکو پێویست کار بەسیستمەکە بکەن.. بەڕێزیان ڕایگەیاند کە نوسراو کراوە بۆ ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و هەوڵی تەواو دراوە بۆ دابینکردنی ژمارەی پێویست لە فەرمانبەری شارەزا لە بەکارهینانی کۆمپیوتەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، هەر لەو سۆنگەیەشەوە فەرمانکراوە بە کردنەوەی خولی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و خولی کارپێکردنی سیستمی ئەلکترۆنی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی دادگاکان و پێویستە بەشداری ئەو خولانە بکەن و تواناکانیان پەرە پێبدەن تا بتوانن بەشێوەیەکی باشتر کار بە سیستمەکە بکەن. دواتر لەسۆنگەی پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و ماندوبوونی دادوەران بەڕێز سەرۆکی دادگا داوایکرد وێنەیەکی یادگاری بگرن و بڕیاریدا کە ئەو وێنەیە بەگەورەیی و شکۆوە لە دادگا هەڵبواسرێت.

پاشان هەر ئەمڕۆ بەڕیز سەرۆکی دادگا لەگەڵ دادوەرانی بەڕێزی دادگاکانی تاوانەکان و کەتنەکان بەیەکەوە و دواتریش دادوەرانی کەتنەکان بەجیا کۆبووەوە و داوای لێکردن کە پێویستە باشتر لە جاران سیستمی ئەلکترۆنی لە دادگاکانیاندا بەکار بهێنن و بۆ هەر کەم و کورتییەک سەرۆکایەتی دادگا ئاگادار بکەنەوە تا بۆیان چارەسەر بکرێت.