سەرۆکی دادگا بەشداری ڕۆژی دادوەریی عێراقی کرد



بەروار: چوارشەممە - ٣٠ / کانوونی دووەم / ٢٠١٩


سەرۆکی دادگا بەشداری ڕۆژی دادوەریی عێراقی کرد

ڕۆژانی ۲۳ و ۲٤-۱-۲۰۱۹ لەشاری بەغداد و لە هۆڵی ئوتێل ڕەشید، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاهەنگێکی شکۆداری سازکرد بەبۆنەی ڕۆژی دادوەری عێراق، بە بەشداریی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ئوردن و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و سەفیر و نوێنەری وڵاتان و شاندێکی دادوەریی بەریتانیا و چەندین دادوەری وڵاتانی عەرەبی و جیهانی و ژمارەیەکی بەرچاو دادوەری عێراقی، شاندێکی دادوەریی هەرێمی کوردستان بەشدارییان تێداکرد کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و سەرۆکی دادگاکانی تێهەڵچونەوەی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێم و سەرۆکی فەرمانگەکانی داواکاری گشتی لە پارێزگاکانی هەرێم..

شاندەکەی هەرێم سەرەڕای بەشدارییان لەو رووداوە گرنگە، چەندین چالاکی تریشیان ئەنجامدا وەکو کۆبوونەوە لەگەڵ دادوەر فائق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق و دادوەر مدحت المحمود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و دیداریان لەگەڵ قونسوڵی بەریتانیا و شاندێکی دادوەریی ئەو وڵاتە، لەو دیدارانەدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بە بەهێزکردنی پەیوندی نێوان ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و ئەو لایەنانە و پتەوکردنی چەسپاندنی یاسا و باشتر جێبەجێ کردنی لە تەواوی عێراق، لەگەڵ شاندی بەریتانیاش باس لە هەماهەنگی نێوان هەردوولا لەبواری دادوەریدا کرا و داواکرا خولی بەهێزکردن بۆ دادوەرانی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە بەتایبەتی لەبواری دادوەریی ئەلکترۆنیدا.

شیاوی باسە سەردانێکی سەرکەوتوو بوو و بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن دەستکەوتی باشی بۆ بواری دادوەری لە هەرێمی کوردستاندا دەبێت لە داهاتوودا.

لینکی هەواڵ