سەردانی سەرۆكی دادگا و سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی
ڕۆژ چوار شەممە ٢٦-١٢-٢٠١٨ بەڕێز دادوەر جاسم جزاء جافر، سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بەهاوڕێیەتی بەڕێز دادوەر مەهدی رەشید فەرەج ، سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەسەرکردەوە و لەلایەن بەڕێز عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی پێشوازیان لێکرا .
لە دانیشتنێکدا کە کۆمەڵێک ئەفسەری پلەباڵای پۆلیس ئامادەیبوون، جەختکرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دادگا تایبەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتباران و داواکراوان و کارئاسانی کردن بۆ دادگاکانی لکۆڵینەوە و کەتن و تاوانەکان لە گواستنەوەی تۆمەتباران و ئامادەکردنیان، هەروەها ئاماژە بەوەش درا کە نابێت ڕاگەیاندنی خودی پۆلیس و کەناڵەکانی تری ڕاگەیاندن بەگشتی زانیاری لەسەر ئەو کەیسانە بڵاوبکەنەوە کە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان و زیان بە ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە بگەیەنن، بەتایبەت ئەو کەیسانەی کە هەستیار و ئاڵۆزن و دەبنە مایەی وروژاندنی ڕای گشتی و خەمڵاندنی نادروست، لەکاتێکدا کێشەکە هێشتا لە قۆناغی سەرەتای لێکۆڵینەوە دایە و هیچ شتێکی تێدا یەکلا نەبووەتەوە.
لەکۆتاییدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەردانی بەڕێزیانی بەرز نرخاندو بەڵێنی جێبەجێکردنی هەموو راسپاردەکانی دا و هاوکاری تەواوی دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی یاسا و خزمەتکردنی هاوڵاتیان.