زانکۆی جیهان-سلێمانی خەڵاتی سەرۆکی دادگا دەکات



بەروار: یەک شەممە - ٢٣ / کانوونی یەکەم / ٢٠١٨


زانکۆی جیهان-سلێمانی خەڵاتی سەرۆکی دادگا دەکات

زانکۆی جیهان-سلێمانی خەڵاتی سەرۆکی دادگا دەکات

بەڕێز دادوەر (جاسم جزاء جافر) سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی پێشوازی کرد لە شاندێکی زانکۆی جیهان-سلێمانی کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان پ.ی.د. ئومێد ڕەفیق فەتاح سەرۆکی زانکۆی جیهان –سلێمانی و بەڕێز پ.ی.د. بەمۆ پەروێز عەزیز ڕاگری کۆلێجی یاسا، بە ئامادەبوونی بەڕێزان دادوەر نەجات ئەحمەد حەسەن ودادوەر د. ئاوات عومەر قادر، 
لە دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا لەبارەی پەیوەندی دادگا و زانکۆکان و خزمەتکردن و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەڕێگەی کۆڕ و خولی هۆشیاری  بۆ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، کە زانکۆو دادگاکان دەتوانن ئەم ڕۆڵە ببینن. هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر پڕۆژەی چۆنییەتی ڕاهێنانی خوێندکارانی زانکۆ بە تایبەتی کۆلێژی یاسا بەشێوەیەکی پراکتیکی.

شیاوی باسە لەپای هاوکاری بەردەوام و هەوڵەکانی بەڕێزیان بۆ بەرەوپێشبردنی زانستی و ئەکادیمی خوێندکاران زانکۆی جیهان سلێمانی خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بە بەڕێز سەرۆکی دادگا کرد.

سەرۆکی دادگا پیرۆزبایی لە بەڕێز پ.ی.د. ئومێد ڕەفیق فەتاح کرد کە وەکو سەرۆکی زانکۆی جیهان –سلێمانی دەستبەکاربووە، هەروەها سوپاسی زانکۆی جیهان-سلێمانی کرد بۆ خەڵاتەکەیان و ئامادەیی دەربڕی بۆ هەر هاوکارییەک کە ببێتە هۆی پێشخستنی پڕۆسەی خوێندن و بەرەو پێشبردنی بواری یاسایی و زانستمەندکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە.