شاندێکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد
دوای 27 ساڵ دابڕان و بچڕانی پەیوەندی راستەوخۆی نێوان ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، رۆژانی 16 و 17-12-2018 شاندێکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان دادوەر جاسم جزاء جافر سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی و دادوەر برایم ئیسماعیل حەمەد سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی هەولێر و دادوەر محەمەد ئەمین هادی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی دهۆک، سەردانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقیان کرد لە شاری بەغدا و سەرەتا لەلایەن بەڕێز دادوەر فائق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێشوازی لە شاندی هەرێم کرا و لە دیدارێکدا کە بەڕێزان دادوەر موفق العبیدی سەرۆکی دەزگای داواکاری گشتی عێراق و دادوەر جاسم محمد عبود سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری عێراق ئامادەی بوون بەڕێزیان خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکە و ئەو جۆرە دیدارانە دەربڕی، شاندی هەرێم ئامانجی سەردانەکە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتە دادوەرییە کەڵەکەبووانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە و چەندین ساڵە بەردەوامە بۆ بەڕێزیان خستەڕوو، بەڕێزیان رایگەیاند کە ئەوانیش لیژنەیەکیان بۆ گفتوگۆ پێکهێناوە بەنیازی چارەسەری ئەو کێشە و گرفتانە و هیوای سەرکەوتنی بۆ هەردوو لیژنەی هەرێم و بەغدا خواست و هیوای هەرچی زووە چارەسەرکردنی کێشەکان و دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە دیدار و سەردان و گفتوگۆیانە دەربڕی.
پاشان هەردوو لیژنەی هەرێم کە پێکهاتبوون لە سەرۆکانی دادگاکانی تێهەڵچونەوەی سلێمانی و هەولێر و دهۆک لەگەڵ لیژنەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کە پێکهاتبوون لە دادوەر جاسم محمد عبود سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیاری دادوەری و دادوەر سالم محمد نوری البدرانی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی نەینەوا و دادوەر عبدالکریم خضر عزیز سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی کەرکوک، دیدار و کۆبوونەوەکانیان دەستپێکرد و ئەم خاڵانەی خوارەوە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا:-