ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١٢/١٢ بەرێز دادوەر جاسم جزاء جافر هەورامی سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی لە باڵەخانەی دادگای سلێمانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد کە هەریەکە لە بەڕێزان سەرۆکی شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆمارکردنی خانوبەرەی سلێمانی/1 و جێگری سەرۆکی دادگا و دادوەری دادگای بەرایی سلێمانی/4 ئامادەیبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ڕێکارەکانی خۆماڵەکردن و کوژاندنەوەی زەوی و ئەو کێشەو گرفتانەی لەو بابەتەدا دروست دەبن کرا، و گفتوگۆ کرا دەربارەی کێشەکانی تایبەت بە خەمڵاندن و قەرەبووی ئەو موڵکانەی هاووڵاتیان کە بەر پڕۆژەکانی شارەوانی دەکەون.
پاش گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیارکردنی چەند میکانیزمێکی نوێ بۆ باشتر بەڕێوەچوونی ئیشوکارەکان، بڕیاردرا ئەم کۆبوونەوانە لە هەفتەکانی داهاتوو بەردەوامیان هەبێت تا دەگەنە چارەسەرێکی بنەڕەتی ئەو کێشانە، بەجۆرێک هەم سامانی گشتی بەهەدەرنەدرێت و هەم هاووڵاتیانیش زەرەرمەند نەبن و ئەو ڕێگریانەش لابدرێن کە دەبنە هۆکاری وەستاندنی ئەو پڕۆژانەی کە سوودی گشتی تێدایە.
لەکۆتاییدا جەختکرایەوە لە گرنگی بوونی هەماهەنگی و هاوکاری زیاتری نێوان فەرمانگەکانی حکومەت و دامودەزگا فەرمییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان.