سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠١٩/٥/١٢ بەشی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتى دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی دیبەیتێکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی و بەڕێز وتەبێژی فەرمی دادگا ڕێکخست لە ژێر ناونیشانی (ڕۆڵی میدیا لە سەروەری یاسادا)..
دیبەیتەکە لە هۆڵی کۆنفرانسی سەرۆکایەتى دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی بەڕێوەچوو کە ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئامادەی بوون.. سەرەڕای ئەوەی کە سەرجەم هۆکارەکانی ڕاگەیاندن بانگهێشتی دیبەیتەکە کرابوون.
سەرەتا بەڕێز دادوەر (جاسم جەزاء جافر) سەرۆکی دادگا لە وتەیەکدا پاش بەخێرهاتنی بەڕێزانی ئامادەبوو تیشکی خستەسەر گرنگی و کاریگەری میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری یاسایی و ئاشناکردنی هاووڵاتیان بە ماف و ئەرکە یاساییەکانیان و شارەزا کردنیان لە یاسا کارپێکراوەکان.. هەرلەم ڕوانگەیەوە گەنگەشەی دۆخی ئێستای میدیای کوردی کرد لە هەرێمی کوردستاندا و ڕایگەیاند کە جێگەی داخە تا ئێستا بەشێک لە میدیاکان نەیانتوانیوە بەو ڕۆڵە گرنگەی خۆیان هەستن، بەڵکو لەهەندێک بارودۆخدا ڕۆڵی پێچەوانە و نێگەتیڤیان بینیووە. بۆیە داوای لێکردن لەمەودا هەوڵبدەن ڕۆڵی ئیجابی و گرنگی خۆیان بگێڕن و پیشەییانە کاربکەن و دووربن لە ململانێ سیاسیەکان و سوکایەتی و تەشهیر بەهیچ دام و دەزگا و کەسایەتیەک نەکەن و خۆیان نەکەن بە دادوەر و تاوانبار و بێتاوان دیاری بکەن تا دادگا بریاری کۆتایی تیادا دەردەکات، وە کارێک نەکەن کە لێپێچینەوەی یاسایی بەدوادابێت و کاربکاتە سەرمصداقیەت و متمانەی هاووڵاتیان بە خۆیان و دەزگاکانیان.. لەپەیوەند بەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی کە ڕەهەندێکی یاساییان هەیە داوای لێکردن کە پێش بڵاوکردنەوەیان ڕاو بۆچونی دادگا لە ڕێگەی وتەبێژەکەیەوە وەربگرن و لەم ڕوەشەوە ئامادەیی هەموو هەماهەنگی و هاوکاریەکی نیشاندا.
دواتر بەڕێز دادوەر (عمر أحمد محمد) وتەبێژی دادگا وتەیەکی پێشکەش کرد و بەهەمان شێوە تیشکی خستەسەر چەند بابەتێکی یاسایی پەیوەست بە میدیاکاران و کاری ڕاگەیاندن.
پاشان گفتوگۆیەکی کراوە ئەنجامدرا و بەڕێزانی ئامادەبوو بە ڕەخنە و پێشنیار و پرسیار و ڕونکردنەوەکانیان دیبەیتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و ئەم هەنگاوەی ڕاگەیاندنی دادگایان بەرز نرخاند بۆ کرانەوەی زیاتری دادگا بەڕووی میدیا و میدیاکاران و وەڵامدانەوەی هەرپرسیار و ڕونکردنەوەیەکیان لەکاتی خۆیدا.