کورتەیەکی مێژوویی



بەروار: چوارشەممە - ٠٨ / ئایار / ٢٠١٩


کورتەیەکی مێژوویی

 سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی:-

پاش ڕاپەرینی گەلی هەرێمی کوردستان و ئازاد کردنی زۆرینەی ناوچەکان ، دامەزراوە یاساییەکان بۆ بەڕێوبردنی کاروباری ئەم ناوچانە دروست کران وە دامەزرێنران، ئەمەش لە ڕێگای هەڵبژاردنێکی نیشتمانی گشتی ئازادو خاوێن لە ژێر سێبەری کەشێکی دیموکراسیدا ، سەرئەنجام هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق (پەرلەمان)ى لێکەوتەوەو ئەم ئەنجوومەنەش وەک ڕۆڵی خۆی چەندین یاساو بڕیاری دەرکرد بۆ ڕێکخستن و بەڕێوە بردنی کاروباری دادگا ، لەسەرەتای کارەکانیدا دەستپێشخەربوو بۆ دەرکردنی یاسای ژمارە (١٢)ى ساڵی (١٩٩٢) کە (یاسایی وەزارەتی داد)ـە و دواتر یاسای ژمارە (١٤)ى ساڵی (١٩٩٢) کە (یاسای دەسەڵاتی دادوەریی)ـە، کەئەم یاسایەیان کاروباری دادگاو دادوەران و پێکهاتەى دادوەرى و دەستەکانى رێک دەخات.

  لە پێشدا دەسەڵاتى دادوەرى گرێدراوى وەزارەتى دادبوو وە کارکردن بە یاسای ئاماژە پێکراو بەردەوام بوو تا دەرچوونى یاسای ژمارە (٢٣) ى ساڵى (٢٠٠٧) کە (یاسای دەسەڵاتى دادوەرى هەرێمى کوردستان- عێراق)ـە ، کە بە پێى ئەم یاسایە دەسەڵاتى دادوەرى لە وەزارەتى داد جیاکرایەوەو بنەماى جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان هاتەدى، ئەم یاسایە ( کە تا ئێستاش لە هەرێمى کوردستاندا کارى پێدەکرێت ئاماژە دەدات بە پێکهاتە دادوەریەکان و تایبەتمەندى دادگا و راژەى دادوەریى و میکانیزمى دامەزراندنى داوەران و چۆنیەتى بەرزکردنەوە و بڵندکردنى پایەیان و دانانیان لە پێگە دادوەریەکان سەرەڕاى ئەوە ئاماژە دەدان بە مۆڵەت پێدان و مافى خانەنشینى و گواستنەوەیان و ئینتیداب کردنیان بۆ پۆستێکى نادادوەرى و دیاریکردنى ئەرکیان لەگەڵ چۆنیەتى سەرپەرشتیکردن لەسەر کارەکانیان و کاروبارە بەرزە فتیەکانی تایبەت بە خۆیان.

دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، باڵاترین دەستەى دادوەریى داگاکانى پارێزگاى سلێمانییە و ئەم دادگایە لەسەرەتاى دامەزراندنیەوە تائێستا چەندین دادوەر سەرۆکایەتیان کردووە کە خۆى دەبینێتەوە لە بەرێزان:

 

  1.   لطیف طه محمود لە ساڵی (١٩٩٣) تا (١٩٩٩/١٢/٥).
  2.  عبدالکریم حیدەر علی لە (١٩٩٩/١٢/٥) تا (٢٠٠١/٨/١٩).
  3.  کمال مصطفی قادر لە (٢٠٠١/٨/١٩) تا (٢٠٠٤/٧/٣١).
  4. محمد محی الدین احمد لە (٢٠٠٤/٧/٣١) تا (٢٠٠٥/٥/٨).
  5. عثمان قادر محمد لە (٢٠٠٥/٥/٨) تا (٢٠٠٦/٧/١٩).
  6.  لطیف عثمان شریف لە (٢٠٠٦/٧/١٩) تا (٢٠١٨/٨/١٢).
  7.  جاسم جزاء جافر لە (٢٠١٨/٨/١٣) و (تا ئێستا بەردەوامە).